بهغدا-اهع
محەمەد کەریم خەفاجى وەزیرى کشتوکاڵ،ئهمڕۆ ههینى ڕایگەیاند، گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا کە زۆربەى کێشەکانى ساڵانى ڕابردوو لەپرسى کشتوکاڵ و خاڵە سنورییەکان چارەسەر دەکات.
خەفاجى لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقى(اهع) ڕایگەیاند، دواى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان خشتەیەکى کشتوکاڵى نوێیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمدا داناوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بەروبومە کشتوکاڵیەکان لە باکوورەوە بۆ باشوور بەپێى وەرزى بەرهەمهێنانیان.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لە ڕێککەوتنەکەیاندا لەگەڵ هەرێم بڕى پێویستى بەرهەمى ئاژەڵیش بەردەست دەبێت چونکە بەڕێژەى 30% بەرهەمهێنانى عێراق لە هەرێمەوەیە.
خەفاجى ڕونیکردەوە، لێتێگەیشتن بۆ کۆنترۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان و ڕادەستکردنى بەروبومەکان لەهەرێمەوە دواى کۆنترۆڵکردنیان هاتووەتە ئاراوە و بەپێى ڕێککەوتنەکەش ڕێگە بەهاوردەکردنى عەلەف لەهەرێمەوە دەستکەوتێکە و هەروەها لەسەر زۆر پرسى ترى پەیوەندیداریش ڕێککەوتن کراوە و خاڵى پەیوەستبوونى نێوان هەرێم و فیدراڵ دیاری کراوە و ڕێککەوتنەکەش زۆربەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى ساڵانى ڕابردوو لەو پرسانەدا چارەسەر دەکات.
لەبارەى بەربەستەکانیشەوە، وەزیرى کشتوکاڵ ئەوەشى خستووەتە ڕوو، بەربەستەکان زیاتر پەیوەندى بەبودجەوە هەیە لەوانە نەدانى شایستە داراییەکانى جوتیاران و هەروەها پاڵپشتى نەکردنى وەزارەت بەدابینکردنى پێداویستییە کشتوکاڵییەکان.