مسته‌فا كازمی جه‌ختیكرده‌وه‌ عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ چاكسازى ئابورى

سیاسی
  • 1-06-2021, 14:38
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی چاكسازی و زیاتر پێشخستن و بنیادنانه‌وه‌ی وڵات.
    نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران،له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" مسته‌فا كازمی پێشوازی له‌ فه‌رید بلحاج جێگری سه‌رۆكی بانكی جیهانی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا و شاندێكی یاوه‌ری كرد و له‌دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ند ڕێگایه‌ك كرا بۆ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی نێوان عێراق و بانكی جیهانی له‌ به‌رنامه‌ و ناوچه‌ جیاجیاكان، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌ باره‌ی میكانیزمه‌كانی دژه‌ گه‌نده‌ڵی و بنیاتنانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی خزمه‌تگوزاری گشتی بۆ زیادكردنی كارایی و چه‌سپاندنی گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام و وه‌به‌رهێنانی گونجاوی سامانی مرۆیی كرا.
    سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختی له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ڕێڕه‌وی چاكسازی ئابوریدان، به‌ڵام به‌رده‌وامن له‌جێبه‌جێكردنی بنه‌ما گرنگه‌كانی بنیادنانه‌وه‌ی وڵات". 
    كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد"به‌ر له‌ هه‌مو شتێك حكومه‌ت له‌ خه‌می پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات و گه‌لی عێراقدایه‌، جگه‌ له‌ سود وه‌رگرتن له‌و ئامۆژگاریانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ داراییه‌كانی وه‌ك بانكی جیهانییه‌وه‌ پێشكه‌ش كراون".
    له‌لای خۆشیه‌وه‌ فه‌رید بلحاج ستایشی په‌یوه‌ندییه‌ مێژویی و ستراتیژییه‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرد له‌گه‌ڵ عێراق رایگه‌یاند، وه‌ره‌قه‌ی چاكسازیان پیشكه‌ش به‌ حكومه‌ت كردوه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ تێڕوانینێكی پێكه‌وه‌یی بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابورییه‌كی به‌هێز و سه‌ركه‌وتو، به‌ئامانجی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی حوكمڕانی له‌وڵاتدا.