فه‌رمانگه‌ى هه‌ڵبژاردنى سلێمانى:چه‌ند ڕێوشوێنێكمان گرتۆته‌به‌ر بۆ ڕێگرى له‌ده‌ستكاریكردنى ئه‌نجامه‌كان

ناوخۆ
  • 30-05-2021, 13:55
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف
    فه‌رمانگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سلێمانى،ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند،65 پاڵێوراو له‌پارێزگاكه‌ ڕكابه‌رى ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مان،وهه‌روه‌ها ڕێوشوێنه‌كانیشى بۆ ڕێگریكردن له‌ده‌ستكاریكردنى ئه‌نجامه‌كان خسته‌ڕوو.
    ئامانج عه‌زیز به‌رێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سلێمانى به‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"كۆى گشتى ژماره‌ى پاڵێوراوه‌كانى پارێزگاى سلێمانى 65 پاڵێوراوه‌ ڕكابه‌رى ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى كورسییه‌كانى په‌رله‌مان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مان"،وتیشى"ته‌نها یه‌ك هاوپه‌یمانێتى تۆماركراوه‌ كه‌15 پاڵێوراوى هه‌یه‌".
    وتیشى"پێنج بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن هه‌ن،دوو بازنه‌ى له‌ناوه‌ندى شارى سلێمانین،وبازنه‌یه‌كى  دیكه‌یش ده‌كه‌وێته‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ وسه‌ید سادق وپێنجوێن،وبازنه‌یه‌ك له‌ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین وكۆتا بازنه‌یش له‌ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌"،وكۆى كورسى بازنه‌كان 18 كورسى نوێنه‌رایه‌تییه‌".
    ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"پرۆسه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترى له‌پانزه‌ى مانگى ڕابردوو كۆتایی هاتووه‌ وده‌ستده‌كرێت به‌چاپكردنى كارته‌كانى ده‌نگدان بۆ ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ى داتاكانیان نوێكردۆته‌وه‌"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"فه‌رمانگه‌كه‌ به‌شێك كارته‌كانى وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ساڵانى 2019 و2020 تۆمارى بایۆمه‌تریان كردووه‌،وله‌ئێستادا له‌ناوه‌نده‌كانى تۆماركردندان،له‌گه‌ڵ ئه‌و كارتانه‌ى تاوه‌كو ئێستا خاوه‌نه‌كانیان وه‌ریانه‌گرتووه‌،وفه‌رمانگه‌كه‌یان هه‌وڵى دابه‌شكردنى ئه‌م كارتانه‌ ده‌دات".
    عه‌زیز داواى له‌"هاوڵاتیان كرد سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانى تۆماركردن بكه‌ن بۆ وه‌رگرتن كارته‌كانیان،تاوه‌كو مافى ده‌نگدانیان هه‌بێت"،وتیشى"ژماره‌یه‌ك كارتى دیكه‌ ده‌گاته‌ فه‌رمانگه‌كه‌ هى ئه‌و كه‌سانه‌ى زیادكردن یاخود گۆڕانكارییان له‌شوێنى نیشته‌جێبوونیان كردووه‌".
    ڕوونیشیكرده‌وه‌"ڕێژه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترى گه‌یشتۆته‌ له‌سه‌دا 70،كه‌چى ژماره‌ى ده‌نگده‌ران له‌پارێزگاى سلێمانى ملیۆنێك و361 هه‌زار ده‌نگده‌ره‌".
    له‌لایه‌كى تره‌وه‌ به‌ڕێوبه‌رى فه‌رمانگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سلێمانى دووپاتیكرده‌وه‌"لیژنه‌ى كاروبارى پارت وقه‌واره‌كان كارده‌كات بۆ به‌دواداچوونى سه‌رپێچییه‌كان،وڕێوشوێنى تایبه‌ت ده‌بێت به‌پێى ڕێنماییه‌كانى كۆمسیۆن بۆ پێشێلكارییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردن"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"ڕێنماییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌دواى ڕاستاندنى ناوى پاڵێوراوه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات".
    ڕایشیگه‌یاند"كۆمسیۆن به‌شێوه‌یه‌كى پێشوه‌خت كاریكردووه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان وسندووقه‌كانى ده‌نگدان له‌میان پرۆسه‌ى تۆمارى بایۆمه‌ترى،به‌تایبه‌تى له‌ئێستادا پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌لیكترۆنییه‌،وهه‌موو ده‌نگده‌رێك له‌ڕابردوو ناوى خۆى تۆماركردووه‌ په‌نجه‌ مۆرى هه‌ر ده‌ په‌نجه‌ى وه‌رگیراوه‌ له‌گه‌ڵ دانانى وێنه‌ى بایۆمه‌ترى كه‌سێتى ده‌نگده‌ر،وهیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌ڕێگاى كارتى كه‌سێكى تره‌وه‌ ده‌نگ بدات".
    عه‌زیز ڕوونیشیكرده‌ووه‌"ڕۆژى ده‌نگدان پشت به‌كۆمه‌ڵێك ئامێرى ئه‌لیكترۆنى ده‌به‌سترێت بۆ ڕێگریكردن له‌ده‌ستكارى له‌نێویشیاندا ئامێرى وردبینیكردن وهه‌ژماردن وجیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى"،وتیشى"یاسا ڕێگه‌ى داوه‌ له‌هه‌ر بنكه‌یه‌كى ده‌نگدان ده‌نگه‌كانى یه‌ك وێستگه‌ به‌ده‌ستى هه‌ژمار بكرێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ى گومان ودڵنیابوون له‌ئه‌نجامه‌كان وهاوتاكردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان،وئه‌گه‌ر هاتوو جیاوازى هه‌بوو به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا پێنج له‌یه‌ك له‌وێستگه‌كان،ئه‌وه‌ ئه‌و وێستگه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ به‌ده‌ستى هه‌ژمار ده‌كرێته‌وه‌ به‌ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى قه‌واره‌ وپارته‌ سیاسییه‌كان وچاودێرانى ناوخۆیی ونێوده‌وڵه‌تى".