كازمى جه‌ختیكرده‌وه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا زیاتر بكه‌ین

سیاسی
  • 29-05-2021, 16:15
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا زیاتر بكه‌ن، به‌جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا پارێزراو بێت.
    نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ راگه‌یاندراوێكدا ،كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" مسته‌فا كازمی له‌ میانه‌ی دیدارێكدا ئۆل دێل باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق كرد، كه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانییه‌وه‌ سه‌ردانی كردبو، رایگه‌یاند، عێراق ده‌یه‌وێت هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بنیاتنه‌ری زیاتری هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیای فیدڕاڵ و ته‌واوی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی هه‌ردو وڵات بێت".
    كازمی پشتیوانی له‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌ باشه‌كانی نێوان به‌غدا و به‌رلین له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و به‌ تایبه‌تی كاری كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنانی ئه‌ڵمانی له‌ عێراق كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پێشخستنی ژینگه‌ی وه‌به‌رهێنان و بره‌ودان به‌ سه‌قامگیری كه‌ به‌ره‌و پێشچون و باشتركردنی باری ژیانی هاوڵاتیان بێت له‌خۆده‌گرێت.
    لای خۆییه‌وه‌ ئۆل دێل، خواستی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیای بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش دوپاتكرده‌وه‌ و باسی له‌وه‌كرد، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی له‌ عێراق ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ڕوی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاڵنگاریه‌كانی ئێستا، گرنگترینیشیان چاكسازی ئابوری و شه‌ڕِی تیرۆره‌.