په‌رله‌مانى كوردستان تاوتوێ چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك ده‌كات وگرنگترینیان لێبرینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌

سیاسی
  • 25-05-2021, 15:20
  • +A -A

    هه‌ولێر-اه‌ع
    په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌،دانیشتنى ئاسایی خۆى سازكرد بۆ تاوتوێى كردنى چه‌ند دۆسیه‌یه‌ك گرنگترینیان پرسى لێبرینى 21% موچه‌ى فه‌رمانى هه‌رێمه‌.
    په‌یامنێرى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:"دانیشتنه‌كه‌ گفتوگۆ و جیاوازى راوبۆچونى نێوان ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى لێكه‌وته‌وه‌"،ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران داواى بانگهێشتكردنى وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیان كرد بۆ په‌رله‌مان".
    عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مناتر له‌ فراكسیۆنى گۆران له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند:"چه‌ندین جار داوى بانگهێشتكردنى وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان بۆ په‌رله‌مان كردووه‌ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ى په‌ند پرسێك به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌هاتونه‌ته‌ په‌رله‌مان"،جه‌ختیكرده‌وه‌"پێویسته‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زیرى دارایى ناوى وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم ئاشكرا بكه‌ن كه‌ داهاتى خۆیان بۆ حكومه‌ت ناگه‌رێننه‌وه‌ هه‌روه‌ها داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ئاشكرا بكات".
    لاى خۆیه‌وه‌ پێشه‌وا هه‌ورامى وته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:"له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان تاوتوێى پرسی لێبرینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كرا"،رونیشیكرده‌وه‌"ده‌روازه‌ سنوریه‌كان له‌ سلێمانى و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رجه‌م داهاته‌كانى راده‌ستى گه‌نجێنه‌ى حكومه‌ت ناكاته‌وه‌".
    هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی سلێمانی بدات، كه‌ بۆچی بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ناگه‌ڕێندرێته‌وه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە 80%ی پڕۆژه‌ی چاكسازی لای وه‌زیری داراییه‌ و چه‌ندین جار داوای لێكراوه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، كه‌چی ئاماده‌ نییه‌ بێته به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی.
    وتیشى: "به‌دواداچوونێكی جددیمان كردووه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان، كه‌ چاره‌نووسی چی به‌سه‌ردێت، ئێستا ژماره‌ی مووچه‌خۆرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیۆنێك و 270 هه‌زار و 70 كه‌سه‌، ئایە چاره‌نووسی ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ چییه‌؟، له‌به‌رچی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دواكه‌وتووه‌، كێشه‌كه‌ی چییه‌؟، به‌دواداچوونمان بۆ كردووه‌ و داوامان كردووه‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌ بۆخه‌ڵك ئاشكرا بكرێت".
    باسى له‌وه‌شكرد "له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆیه‌كی زۆر جددی كراوه‌ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كردووه‌، به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌وه‌ كرد كە بۆچی مووچه‌ له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی دواكه‌وتووه‌؟، ئه‌وه‌ی روونبووه‌ته‌وه‌، ئەوەیە كە كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو مانگێك هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه‌، بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوای داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌، كه‌ زۆرترین مووچه‌خۆری حكومه‌ت له‌ سلێمانییه‌، زۆرترین خانه‌نشینان له‌ سلێمانییه‌، زۆرترین خانه‌نشینی سه‌ربازی و پله‌ی مه‌ده‌نیش هه‌ر له‌ سلێمانییه‌، داوای 80 ملیۆن دۆلار كراوه".
    ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد،‌ پێویسته‌ دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ هه‌بێت، له‌هه‌مانكاتیشدا دادپه‌روه‌ری له‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتیشدا هه‌بێت، تا ئێستا داهاتی ئه‌و سنووره‌ نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ فشارێكی زۆر له‌سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئیداره‌ی سلێمانی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتی حكومه‌ت بگه‌ڕێننەوه‌، تا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكرێت، تا ئێستا 50 ملیار دیناری ناردووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ 38 ملیۆن دۆلار، له‌كاتێكدا ده‌بێت هه‌موو مانگێك 80 ملیۆن دۆلار بخاته‌ ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمەوە".
    لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:"پرسى لێبرینى مووچه‌ به‌ رێژه‌ى 21% یاسایى نیه‌ وسته‌مێكى گه‌وره‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ فه‌رمانبه‌ر"،ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"ئه‌م لێبرینه‌ بۆ ناشه‌فافیه‌تى له‌ دۆسیه‌ى نه‌وت ده‌گه‌رێته‌وه‌".
    وتیشى "له‌ ئێستادا نرخى نه‌وت به‌رزبوه‌ته‌وه‌ وحكومه‌تیش له‌چه‌ندین بۆنه‌دا باسى له‌وه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو نرخى نه‌وت بۆ 60 دۆلار به‌رزببێته‌وه‌ ئه‌وا لێبرینى موچه‌ نامێنێت"،باسى له‌وه‌شكرد"پارێزگاى سلێمانى تەواوی  داهاتەكان گەڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ وەزارەتی دارایی".