كازمى و میكینزی رێكه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێكردنی دیالۆگی ستراتیژی

ئەمنی
  • 20-05-2021, 17:13
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ كینیس میكینزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا، رێكه‌وتن له‌سه‌ر دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێكردنی خولی سێیه‌می دیالۆگی ستراتیژی نێوان به‌غدا و واشنتن.
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌مڕۆ  پێشوازی له‌ جه‌نه‌راڵ كینیس میكینزی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا كرد و له‌دیدارێكدا، باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرا".
    هه‌ردولا باسیان له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی مه‌یدانی و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش كرد له‌ شه‌ڕی دژی چه‌كدارانی داعش، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ توانای هێزه‌ عێراقییه‌كاندا هه‌یه‌ .
    هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "مسته‌فا كازمی و شانده‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا، ڕێككه‌وتن له‌سه‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی لیژنه‌ی ته‌كنیكی تایبه‌تمه‌ند بكرێت، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌نجامه‌كانی خولی سێیه‌می دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق به‌رده‌وام بێت".
    ئاماژه‌به‌وه‌كرا" گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌منیه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات كرا له‌ڕووى مه‌شق و ڕاهێنان و پاڵپشتی لۆجستی و ئاڵوگۆڕی زانیاریه‌وه‌، به‌وجۆره‌ی كه‌ پشتیوانی له‌تواناكانی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی عێراق بكات بۆ گه‌یشتن به‌پشت به‌ستن به‌خۆیان له‌به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی له‌ ئێستاو له‌ داهاتودا".