سەرۆک كۆمار: هەڵبژاردنی ئازاد و پاکوبێگەرد بنەمایەکی گرنگە بۆ راستکردنەوە و تێپەڕاندنی هەڵەکان

سیاسی
  • 20-05-2021, 15:05
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە ،پێشوازیکرد لە رائد فەهمی، سکرتێری حزبی شوعی عێراق و شاندی هاوڕێی و گفتوگۆکرا دەربارەی پێشهاتەکانی بارودۆخی وڵات و رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئازاد و پاکوبێگەرد و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک بنەمایەکی گرنگە بۆ راستکردنەوە و تێپەڕاندنی هەڵەکان و خراپ بەکارهێنانی بەڕێوەبردن.
    نوسینگه‌ى سەرۆکایەتی کۆمار له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌  بڵاویکردەوە:" لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوەی ئەم قۆناغەی کە ئێستا وڵات پێیدا تێدەپەرێت گرنگ و چارەنوسسازە و پێویستی بە هاریکاری و هەماهەنگی ھەموان هەیە، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی چاکسازی و راستکردنەوە و تێپەڕاندنی هەڵەکان و خراپ بەڕێوەبردن داوکارییەکی گرنگە، بۆیە جێگەی هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، دوپاتیشیکردەوە لە پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی وڵات و چەسپاندنی دەسەڵات و سەروەری دەوڵەت و رێکخستنەوەی چەک بەگوێرەی یاسا.
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد "بزوتنەوەی میللی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی رەسەن و هۆشیارە لە ئاست ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتو کە وڵات روبەڕوی دەبێتەوە و کە لەئەنجامی هەڵەکانی رابردودا هاتوەتە ئاراوە، بۆیە نابێت پشتگوێی بخەین، بەتایبەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی بەڕێوەبردن، ئاماژەشیکرد تاوانەکانی کوشتن و ترساندنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و رۆژنامەنوسان هەرگیز مایەیی لێخۆشبون نییە و نابێت بەبێ سزا تێپەڕێت".
    سه‌رۆك كۆمار راشیگه‌یاند"هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکلاکەرەوە و گرنگە، بە تایبەتی کە دوای ئەو کۆدەنگییە نیشتمانییەی ھات کە نابێت چیتر هەڵەکان بەردەوام بێت، ھەروەک زۆر گرنگە متمانەی دەنگدەران بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو خەڵک بەشداری بەرفراوانی ھەبێت لە ھەڵبژاردنەکان و خەڵک راستەوخۆ بەشدار بێت لە گۆڕانکاری و چاکسازی بە شێوەیەکی ئاشتیانە، لەو پێناوەشدا ھێنانەکایەوەی ئاسایش و ئارامی و زامنکردنی پاکوبێگەردی هەڵبژاردنەکان کارێکی گرنگ و پێویستە بۆ پاراستنی مافی گەلی عێراق بۆ دەربرینی خواستی ئازادانەیان بەوپێیەی گەل سەرچاوەی سەرەکی هەمو دەسەڵات و بنەما شەرعییەکانە.
    جەختشیکردەوە" ئەو لە پێگەی خۆیەوە بە ھەمو توانای کار دەکات لەسەر زامنکردنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر، بۆیە پێویستە لەسەر سەرجەم دەسەڵات و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان کە کار بۆ ھەمان مەبەست بکەن.
    سەرۆک بەرھەم باسی له‌وه‌كرد"بۆ ئەوەی ساختەکاری و فرتوفێڵ رەنگدانەوەیەکی نەرێنی دەبێت لەسەر هەموان بەبێ جیاوازی، بۆیە پێویستە خواستی گەلی ئازاد سەربکەوێت و متمانەی بۆ بگەڕێتەوە و بژاردەکانی خەڵکیش بڕیاردەر بێت".