سه‌رۆك كۆمار جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌گرنگى كاركردن بۆ كۆتایى هێنان به‌ هێرشه‌كانى سه‌ر فه‌له‌ستینیه‌كان

سیاسی
  • 18-05-2021, 13:11
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
     د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ باڵیۆزی فه‌له‌ستین رایگه‌یاند، هه‌ڵوێستی عێراق بۆ پاڵپشتیكردن له‌ دۆزی فه‌له‌ستین نه‌گۆڕه‌ و پێویستیشه‌ جددی كار بكرێت بۆ كۆتایی هێنان به‌ نه‌هامه‌تیه‌كان و پاراستنی گه‌لی فه‌له‌ستین . 
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ راگه‌یاندراوێكدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆمار له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد ئه‌حمه‌د عه‌قل، باڵیۆزی فه‌له‌ستین له‌ عێراق، له‌دیدارێكدا گفتوگۆكرا ده‌رباره‌ی پێشهاته‌كانی دۆخی قودس و فه‌له‌ستین و ئه‌و پێشێلكاری و ده‌ستدرێژییه‌ نامرۆڤانه‌ی كه‌ گه‌لی فه‌له‌ستین روبه‌ڕوی ده‌بێته‌وه‌ له‌ شاری قودس و كه‌رتی غه‌زه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندین ھاوڵاتی سڤیل بونه‌ته‌ قوربانی، هه‌روه‌ها دوپاتكرایه‌وه‌ له‌ راگرتنی ئه‌و كارانه‌ی دژ به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌.
    له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی پشتیوانیكردن له‌ دۆزی فه‌له‌ستین و پاڵپشتیكردنی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ھێنانه‌دی داواكاری و مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی فه‌له‌ستین.
    سه‌رۆك به‌رهه‌م راشیگه‌یاند، پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی و كاری جددی له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تی بكرێت بۆ كۆتاییهێنان به‌ نه‌هامه‌تییه‌كان و پاراستنی مافی گه‌لی فه‌له‌ستین و رێگریكردن له‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی روبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه‌.
    له‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌قل، سوپاس و رێزی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك كۆمار كرد، ھه‌روه‌ھا به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی و سیاسی و گه‌لی عێراق كرد بۆ پاڵپشتیكردن له‌ گه‌لی فه‌له‌ستین و پشتیوانیكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی، ھاوكات پابه‌ندبونی عێراقی بۆ ھێنانه‌دی ته‌واوی مافه‌ ره‌واكانی و وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی روبه‌ڕوی گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌بێته‌وه‌ به‌رزنرخاند.