وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی: 2%ی هاوڵاتیانى عێراق ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌

ناوخۆ
  • 18-05-2021, 11:50
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌،ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، مه‌رجێكی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ له‌ عێراقدا دیاریكرد و راشیگه‌یاند، 2%ی هاوڵاتیان ڤاكسینیان به‌كارهێناوه‌. 
    ریاز عه‌بدولئه‌میر به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی گشتی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:"رۆژانی پشوی هاوڵاتیان و سه‌ردانیكردنی یه‌كتر، ره‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبونی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا هه‌بێت، له‌ جه‌ژندا و له‌ ئه‌نجامی تێكه‌ڵبون و به‌ریه‌كه‌وتنی هاوڵاتیان هه‌نگاوه‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێنه‌كراون و ئه‌و كاریگه‌ریه‌ش له‌ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت".
    وتیشی "به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو ژماره‌ی توشبوان روی له‌كه‌مبونه‌وه‌ كردوه‌، ئه‌و كه‌مبونه‌وه‌یه‌ش به‌هۆی وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌ترسییان له‌سه‌ر بو، توشی ڤایرۆسه‌كه‌ بون".
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌كۆی چل ملیۆن هاوڵاتی، نزیكه‌ی پێنج سه‌د هه‌زار كه‌س ڤاكسینیان به‌كارهێناوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ رێژه‌ی 2%ی كۆی دانیشتوان، ئه‌گه‌ر 60-70%ی دانیشتوانیش ڤاكسینه‌كه‌ وه‌ربگرن، په‌تای كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت و رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌كرێت.
    ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌و ڤاكسینانه‌ی هاورده‌ی عێراق كراون، به‌شی سه‌رجه‌م دانیشتوان ناكات، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها له‌ عێراق به‌ڵكو له‌ هه‌مو جیهاندا كێشه‌ی كه‌می ڤاكسین هه‌یه‌.