كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای راگرتنی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌كات

سیاسی
  • 15-05-2021, 17:41
  • +A -A

    به‌دواداچوون-اه‌ع

    ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای هه‌ڵوێست له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ و گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌كات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، پیلانی پاكتاوی ره‌گه‌زپه‌رستی جێبه‌جێده‌كرێت.
    ئه‌حمه‌د ئه‌بوغه‌یت ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرد، به‌ به‌رپرسیارێتی خۆیان هه‌ڵبسن و بڕیارێك بده‌ن بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌فه‌له‌ستین و ده‌ستدرێژیه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌.
    ئه‌حمه‌د ئه‌بوغه‌یت راشیگه‌یاند، كۆمكاری عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی تاوانی جه‌نگ و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات بۆ سه‌ر گه‌لی فه‌له‌ستین و بۆردومانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌.
    ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پیلانی پاكتاوی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیله‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌ قودس و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
    هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی كرد به‌په‌له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌ستپێبكات و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئیسرائیل كه‌ به‌رپرسن له‌ كوشتارگه‌ و تاوانه‌كانی جه‌نگ و مرۆڤایه‌تی دادگایی بكات و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان جێبه‌جێبكات.