دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن له‌خوێندنگاكانى هه‌رێمى كوردستان بەشێوازی به‌نۆرە (تناوب) ده‌بێت

ناوخۆ
  • 15-05-2021, 14:16
  • +A -A

    هه‌ولێر-اه‌ع

    وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل دەستپێدەکاتەوە و هاوشێوەی ماوەکانی رابردو کە سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردوە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز خوێندکاران بەردەوام دەبن.
    وەزارەتی پەروەردەى هه‌رێم لەراگەیەندراوێکدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، ژمارەیەک رێنمایی ئاڕاستەی خوێندنگاکان کردوە و باسی لەوەکردوە، "دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە 16ی ئایار بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی - ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردوە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن ".
    ئەوەش هاتوە، پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن، هەروەها لە حاڵەتی توشبون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان ، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت. 
    وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستوەتەڕو، بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر  ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت،  دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەڵێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە  بەردەوام دەبن ، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن. 
    لەرێنماییەکی دیکەشدا هاتوە، "پێویست دەکاتلیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە کە  پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت".