بهغدا-اهع
وەزارەتی کشتوکاڵ،ئهمڕۆ سێشهممه، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هاوردەی هەردوو بەرهەمی (کاڵەک و شوتی) بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوەخۆیی لەم وەرزەدا.
حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەیاننامەیەکدا كه دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) كهوتووه ڕایگەیاند:" پشت بەو دەسەڵاتەی لە لایەن وەزیری کشتوکاڵەوە پێیان دراوە، قەدەغەی هاوردەکردنی هەر بەرهەمێک دەکرێت، کە لەناوخۆدا هەبێت و بەشی پڕکردنەوەی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژی ١١ی مانگی ئایارەوە بە هەموو شێوەیەک هاوردەکردنی بەرهەمی (کاڵەک و شوتی) قەدەغە دەکرێت لەسەرجەم دەروازە سنورییەکانەوە".
ڕوونیشیکردەوە" ئەو بڕیارەش لەبەر ڕۆشنایی بوونی بەرهەمی ناوخۆیی دراوە، کە لەم وەرزە بەدواوە پێدەگات و بەشی پڕکردنەوەی ناوخۆیی دەکات".
بە گوێرەی بڕیارەکەش تا ١٠ ڕۆژی تر هەموو هاوردەکارانی ئەو بەرهەمە دەتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە، کە مۆڵەتی پێشتری هاورکردنیان هەیە، بۆ ئەوەی کاتی پێویستیان بدرێتێ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.