بهغدا-اهع
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران ،ئهمڕۆ یهكشهممه،وەزارەتی ناوخۆی راسپارد لەوەی بەزووترین کات بکوژانی چالاکوانی مەدەنی، ئیھاب جەواد وەزنی ئاشکرا بکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە راگەیەنراوێکدا كه دهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع) كهوتووه رایگهیاند:" مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە لەوەی بەزووترین کات بکوژانی چالاکوانی مەدەنی، ئیھاب جەواد وەزنی ئاشکرا بکات و گوتی:
"بکوژانی ئیھاب جەواد وەزنی، ئێستا وا بیر دەکەنەوە کە لە دەستی دادگا رزگاریان دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەوڵەکانمان بۆ دەستگیرکردنی ھەموو ئەو کەسانەی کە ھەوڵ دەدەن رەوشی ئاسایشی گشتیی بشڵەژێنن، خستووەتەگەڕ".
بەپێی راگەیەنراوەکە مستەفا کازمی وتیشی: "تاوانباران لە ھەوڵەکانیان بۆ خوڵقاندنی گرژی و ئاڵوزی مایەپووچ بوون، بۆیە ئێستا پەنایان بردووەتە بەر بە ئامانجکردنی چالاکوانان، بەڵام یاسا سزایان دەدات".