كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان:ژوری ئۆپراسیۆن پێکهێنراوه‌ بۆ هەڵسەنگاندنی شیاوبونی کاندیدەکان و لەماوەی 15 رۆژدا کارەکانیان تەواو دەکرێن

سیاسی
  • 7-05-2021, 19:53
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هەڵبژاردنەکان،ئه‌مڕۆ هه‌ینى، ڕایگەیاند، ژوورێکى تایبەت بۆ وردبینى و پێداچوونەوە بەدۆسییەى کاندیدەکان پێکدەهێنرێت و لەماوەى 15 ڕۆژدا ئەنجامى بەدواداچوونەکان یەکلایى دەکرێتەوە و ئامادەکارییەکانى پڕۆسەى دەنگدانیش دەخرێنە سەر پشت.  
    جومانە گه‌لاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بەئاژانسى هەواڵى عێراقى(اه‌ع) ڕاگەیاندووە، 44 هاوپەیمانى و 267 حزب ڕەزامەندیان بۆ بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنەکە لەسەر دراوە، سەربارى ژمارەى کاندیدەکان دەگاتە زیاتر لە 3 هەزار و 500 کاندید کە لەناویاندا 887 کاندیدى سەربەخۆ هەن و هەروەها زیاتر لە 900 کاندیدیش لەناو کۆتاکانى ژناندان لەهەموو بازنەکانى هەڵبژاردنەکە.  
    ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، لەئێستادا لەنوسینگەى نیشتیمانى سەر بەکۆمسیۆن وردبینى و پێداچوونەوە بە دۆسییەکانى کاندیدەکاندا دەکرێت و هەروەها بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامە و زانیارییەکانیان دەکرێت و دواى کۆتایهاتنى قۆناغى وردبینیش ڕەوانەى لایەنى پەیوەندیدار دەکرێت لەوانە دەزگاى لێپرسینەوە و دەستپاکى و بەڵگە و تاوان و وەزارەتەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا و هەروەها ژوورى ئۆپراسیۆن بۆ ئاسانکارى کارەکان دروست دەکرێت و لەماوەى 15 ڕۆژیشدا پێداچوونەوە و وردبینیەکان تەواو دەکرێن.  
    گه‌لاى وتیشی، ئەو ژمارانەش کۆتایى نین و لیستى کۆتایى لەدواى دەستکەوتنى وەڵامەکان لەدامودەزگاکانەوە یەکلایى دەکرێنەوە و هەروەها دواتر لەلایەن ئەنجومەنى کۆمسیۆنەوە ڕاستاندینان بۆ دەکرێت.  
    وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵا باسى لەوەش کردووە، ڕێگە بەکاندیدەکانى هەڵبژاردانى داهاتوو دەدرێت لەگەڵ خێزانەکانیان لەیەک بازنەى هەڵبژاردندا کە خۆى تیایدا هەڵبژاردووە دەنگەکانیان بۆ ئەو شوێنە بگوازنەوە ئەوەش بۆ نەفەوتانى دەنگى ئەندامانى خێزانەکەى کە سەربەو کاندیدەن.  
    ئەوەشى خستووەتە ڕوو، لەئێستادا کۆمسیۆن لەقۆناغى ئامادەسازیدایە بۆ هەڵبژاردنەکە و هەروەها دانانى میکانیزمى دیاریکردنى کارمەندانى سەر سندوقەکان و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە.  
    گه‌لاى دەشڵێت، هەماهەنگى بۆ بەڕێوەچوونى کارەکان هەیە و پشکینین بۆ سەرجەم ئامێرەکانى ژماردن و جیاکردنەوەى دەنگەکان بەئامادەبوونى کۆمپانیاى میرۆى کۆرى و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراو و چاودێرە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت.