بهغدا-اهع
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان،ئهمڕۆ چوارشهممه، ئاشکرایکرد، ناوەڕاستى مانگى تەموز تاقیکردنەوەى پرۆسەى هەڵبژاردن بە ئامادەبوونى چاودێرانى نێودەوڵەتى ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغى ڕیزبەندیکردنى ناوى پاڵێوراوان.
جومانە غلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى(اهع) ڕایگهیاند،"کۆمسیۆن ئامادەکارى دەکات بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى پرۆسەى هەڵبژاردن بۆ زیاتر لە یەک جار، لە پرۆسەکەدا دەنگدان ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە وردى و خێرایى و پاکى ئامێرەکان".
ڕونیشیکردووەتەوە، ئەو تاقیکردنەوەیە لە ناوەڕاستى مانگى تەموز ئەنجام دەدرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ ڕێکخستنى هەڵبژاردن و چاودێرانى نێودەوڵەتى و ڕاگەیاندنەکان و نوێنەرى حزبەکان و چاودێرانى ناوخۆیى ئامادە دەبن.
جومانە غلاى لە بەشێکى ترى قسەکانیدا باسى لەوەکردووە، گرنگى کۆمسیۆن لەسەر پاکى و شەفافیەتى هەڵبژاردن دەبێت، ئەوەش لە ڕێگەى بەشدارى پێکردنى سەرجەم ئەو دەنگدەرانەى کە کارتى بایۆمەترى و کارتى کورت مەودایان هەیە، کە کارتێکى پاک و پارێزراوە و ناتوانرێت هاک بکرێت.
جەختیلەوەشکردووەتەوە، هەروەها ئامێرەکانى وردبینى و خێراکردنى ئەنجامەکان و سەرجەم ئامێرەکانى تر پرۆسەى هەڵبژاردن متمانە پێکراون و ناتوانرێت هاک بکرێن.
سەبارەت بە قۆناغەکانى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان وتى، لە ئێستادا لە قۆناغى ڕیزبەندیکردنى ناوى پاڵێوراوەکانین بۆ دڵنیابوونەوە لێیان، دواتر دەنێردرێن بۆ دەستەى نیشتمانى بۆ لێپێچینەوە و دادوەریى و دەستەى نەزاهە و بەڵگە و تاوان و وەزارەتى پەروەردە و فێرکردن، ئەوەش لەپێناو دڵنیابوونەوە لە شایستەییان، ژمارەى پاڵێوراوان 3523 کەسن و ئەوەش ژمارەى کۆتایى نییە، تا ئەو کاتەى کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕەزامەندییان لەسەر دەدرێت ئەوەش دواى لێکۆڵینەوەکان.