ته‌ندروستى نوێنه‌رایه‌تى كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى گه‌وره‌ى له‌ڕووداوه‌كه‌ى ئیبن خه‌تیب دیاریكرد وبه‌رپرسیارێتى ڕووداوه‌كه‌یشى خسته‌ ئه‌ستۆى دوو لایه‌ن

ناوخۆ
  • 26-04-2021, 14:23
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    لیژنه‌ى ته‌ندروستى وژینگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌،كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى گه‌وره‌ى له‌ڕووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ئیبن خه‌تیب دیاریكرد،ئاماژه‌یشیدا ژماره‌ى شه‌هیدانى ڕووداوه‌كه‌ دوو هێنده‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌یه‌ كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ بوون.
    قوته‌یبه‌ جبورى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوبراو له‌لێدوانێكى بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"لیژنه‌كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ئه‌ركى چاودێرى خۆى وسه‌ردانى مه‌یدانى بۆ به‌دواداچوونى ڕووداوه‌كه‌ كردووه‌ وچاوى به‌به‌رپرسانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ وبه‌شى چاكسازییه‌كه‌ى وبریكارى وه‌زاره‌ت وسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌وتووه‌".
    وتیشى"له‌میان سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كان ونووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ندێك زانیارییمان كۆكرده‌وه‌"،ئاماژه‌یشیدا"لیژنه‌كه‌ له‌میان دانیشتنى په‌رله‌مان ڕاپۆرتى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئاشكراكردنى ورده‌كارییه‌كانى بابه‌ته‌كه‌،وهۆكارى كه‌وتنه‌وه‌ى ڕووداوه‌كه‌ كه‌به‌مه‌به‌ست نه‌بووه‌ وبۆته‌ هۆى دروستبوونى ئه‌م كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌".
    جبورى دووپاتیشیكرده‌وه‌"كه‌مته‌رخه‌مییه‌كه‌ به‌مه‌به‌ست نه‌بووه‌ به‌ڵام كه‌سانى كه‌مته‌رخه‌م سزا ده‌درێن"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"لیژنه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى ڕوونى دیاریكردووه‌ له‌چاودێریكردنى پێداویستییه‌ كردارییه‌كانى نه‌خۆشخانه‌كانى به‌غدا،به‌تایبه‌ت له‌به‌ره‌ى ره‌سافه‌ كه‌ژماره‌یان 27 نه‌خۆشخانه‌یه‌ وله‌نێویشیاندا نه‌خۆشخانه‌ى ئیبن خه‌تیب".
    ڕایشیگه‌یاند"ته‌لارى نه‌خۆشخانه‌ى ئیبن خه‌تیب داڕماوه‌ وتایبه‌ت كراوه‌ بۆ كه‌ره‌نتینه‌ى ته‌ندروستى بۆ چاره‌سه‌رى كۆرۆنا و200 نه‌خۆشى له‌خۆگرتووه‌،سه‌باره‌ت به‌و قاووشه‌ى ڕووداوه‌كه‌ تیایدا ڕوویداوه‌ 32 نه‌خۆشى تیابووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بوونى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى ئۆكسجین"،ڕوونیكرده‌وه‌"هاوڵاتییه‌ك ئامێرى (هیته‌رى) كاره‌بایی به‌كارهێناوه‌ یان رۆنى به‌كارهێناوه‌ له‌گه‌ڵ بووتڵى ئوكسجینه‌كان،ئه‌م تێكه‌ڵبوونه‌ بووه‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ وه‌ك چۆن ورووژێندرا".
    وتیشى"كه‌مته‌رخه‌مییه‌كى گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌هه‌بوونى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌هاوه‌ڵانى نه‌خۆشه‌كان به‌رپرسیارێتى ئه‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى سیسته‌مى پاسه‌وانانى نه‌خۆشخانه‌كه‌"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"ژماره‌ى شه‌هیدان دوو هێنده‌ى ئه‌وانه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كه‌ تۆماركراون،به‌رپرسیارێتى ئه‌مه‌یش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى لایه‌نه‌ به‌رپرسیاره‌كان،نه‌ك ته‌نها به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى".
    ڕایشیگه‌یاند"وه‌زاره‌تى داراییش به‌شێكه‌ له‌به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ به‌وپێیه‌ى كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ته‌رخانكردنى گوژمه‌ى دارایی بۆ فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى ره‌سافه‌،كه‌ماوه‌ى سێ ساڵه‌ داوا ئه‌و گوژمه‌یه‌ ده‌كات،بۆ كڕینى سیسته‌مى ئاگركوژێنه‌وه‌ وپاراستنى نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ڵام دارایی  وه‌ڵامى ئه‌م داواكارییه‌ نه‌دایه‌وه‌".
    دووپاتیشیكرده‌وه‌"ڕاپۆرتى لیژنه‌ى ته‌ندروستى لایه‌نى كه‌مته‌رخه‌مى بۆ لایه‌نه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان دیاریكردووه‌ كه‌بۆته‌ هۆى ئه‌م كاره‌ساته‌"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"دادگا فه‌رمانى ڕاگرتنى بۆ به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌ركردووه‌،به‌ڵام پێمانوایه‌ بۆ ماوه‌ى چوار ڕۆژ چاوه‌ڕوانى ده‌كرێت بۆ كۆتاییهاتنى لێكۆڵینه‌وه‌كان ونمایشكردنیان له‌به‌رده‌م مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران ودواتر بۆ دادگا ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنه‌كان".
    ئاماژه‌یشیدا"وه‌زیرى ناوخۆ كه‌سێكى پیشه‌ییه‌ وهیچ سه‌رنجێكى له‌سه‌ر نه‌بووه‌ له‌میان سه‌رۆكایه‌تى كردنى لیژنه‌كه‌ وبه‌م پیشه‌ییه‌ به‌رزه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ورد وپیشه‌یی ده‌بێت".