عێراق له‌گه‌ڵ سێ وڵاتدا تاوتوێی دروستکردنی به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات

ناوخۆ
  • 22-04-2021, 21:57
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    دەستەى عێراقى بۆ كۆنترۆڵكردنى سەرچاوە تیشكدەرەوەكان ئاشكرایكرد، لەگەڵ سێ دەوڵەت گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن بۆ خێراكردنى دروستكردنى چەند وێستگەیەكى ئەتۆمى لە عێراق.  
    كه‌مال حسێن لەتیف، سەرۆكى دەستەى عێراقى بۆ كۆنترۆڵكردنى سەرچاوە تیشكدەرەوەكان  بە ئاژانسى هەواڵى عێراقی(اه‌ع) ڕایگه‌یاند، لیژنەى زانستیى تایبەت بە بنیادنانى وێستگەى ئەتۆمى بۆ مەبەستى پشكنین و لێكۆڵینەوە، چەند كۆبو٣نەوەیەكى سەرەتایى كردووە بۆ دروستكردنى چەند وێستگەیەكى ئەتۆمى، ئەویش بەپێى ڕێنماییەكانى ئاژانسى وزەى نێودەوڵەتى.  
    ڕونیشیكردووەتەوە، سێ كۆبونەوە لەگەڵ باڵیۆزى ڕوسیا كراوە و دووجار سەردانى باڵیۆزخانەكە كراوە، هەروەها كۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژكارى كۆمپانیاى "ڕوس ئەتۆم" كراوە، ڕێكکەوتن لەسەر لێكتێگەیشتنێك كراوە و بەپێى ئەوەش پەلە دەكرێت لە بنیادنانى چەند وێستگەیەك.  
    هێماى بۆ ئەوەشكردووە، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى باڵیۆزخانەى فەرەنسا و یەكێتى ئەوروپا كراوە بۆ بەهێزكردنى توانا ئەتۆمییەكانى عێراق لە بوارى ئاشتیدا، لایەنى فەرەنسى ڕەزامەندى دەربڕیوە لەگەڵ عێراقدا كار بكات لە بوارى بەكارهێنانى وزەى ئەتۆم بۆ مەبەستى ئاشتیانە، بەپێى ئەوەش لێكتێگەیشتنێك واژۆ دەكرێت بۆ هاوكاریكردنى عێراق بۆ بەكارهێنانى وزەى ئەتۆم لە بوارى پزیشكى و بەرهەمهێنانى وزە.  
    سەرۆكى دەستەى عێراقى بۆ كۆنترۆڵكردنى سەرچاوە تیشكدەرەوەكان لە بەشێكى ترى قسەكانیدا وتویەتى، "سەرەڕاى ئەوانەش داواى چاوپێكەوتنمان لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریكى تایبەتمەند كردووە، ئەویش لەلایەن وەفێكى باڵاى ڕێگەپێدراو و لیژنە و لایەنە حكومیەكانى تر ئەنجام دەدرێن."  
    سەبارەت بەو كەسانەى لە وێستگە ئەتۆمیەكان كار دەكەن وتى، "ئەوە بەپێى بەرنامە و دیزاینى وێستگەكان دەبێت و كادر فێر دەكرێت و ئەو گەنجە عێراقیانەى كە تازە خوێندنیان تەواو كردووە دەخەینە بوارەكەوە و ڕاهێنانیان پێ دەكرێت و خوێندنى باڵا تەواو دەكەن، ئەوەش هاوكات لەگەڵ كاتى كردنەوە و كارپێكردنى وێستگەكان."