سه‌رۆك كۆمار:ناوچه‌كه‌ پێویستى به‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ناهاوسه‌نگى وبارگرژییه‌كانێتى

سیاسی
  • 22-04-2021, 13:27
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ پێنجشەممە،دووپاتیكرده‌وه‌ ناوچه‌كه‌ پێویستى به‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ناهاوسه‌نگى وبارگرژییه‌كانێتى،ڕوونیشیكرده‌وه‌ ئاسایش وسه‌قامگیرى عێراق بنه‌مایه‌كه‌ بۆ ئاسایشى هه‌موو ناوچه‌كه‌.
    سەرۆکایەتی کۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویکردەوە،"بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکی حکومەتی روسیا و سەرۆکی لیژنەی ھاوبەشی عێراق - روسیا لەلایەن حکومەتی روسیا و سەبارەت بە گۆرانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە گفتوگۆکرا".
    وتیشى"لە سەرەتای دیدارەکەدا یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی روسیای گەیاندە سەرۆک بەرھەم، ھاوکات سەرۆک کۆمار لە رێگەی یوری بۆریسۆڤ، سڵاو و رێزی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی روسیا کرد". 
    ئاماژه‌یشیدا"لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دۆست و چۆنیەتی پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکاندا کرا، ھەروەھا جەختکرایەوە لە گرنگی بەهێزکردنی ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هاریکاری بازرگانی و ئابوری و رۆشنبیری، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردو گەلی دۆست بکات"،هاوکات گفتوگۆشکرا دەربارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق - روسیا و پێویستی فراوانکردنی هەماهەنگی بۆ سەرخستنی بڕیارەکانی لیژنەی ھاوبەش لە رێگەی چاودێریکردنی ریککەوتننامەکان و واژۆکردنی.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە ناوچەکە روبەڕوی کێشە و ئالنگاری زۆر بوەتەوە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و کاری جددی بکرێت بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە".
    ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"هاوکات ئاماژشیکرد بە کرانەوەی عێراق بە روی ناوچەکەدا بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە، ھەروەھا جەختیشیکردەوە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق بەشێکی گرنگە لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە، ھەروەک پێودانگێکی گرنگیشە روەو بەهێزکردنی هاریکاری ئابوری و بازرگانی و پشتیوانیکردن لە دەرفەتی گەشەپێدان لە ناوچەکەدا".
    لەلای خۆیەوە یوری بۆریسۆڤ، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری و سەروەری عێراق و هەوڵەکانی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و چەسپاندنی ئاسایش دوپاتکردەوە، هەروەها هەنگاوەکانی روسیای بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات لە تەواوی بوارەکان خستەروو.