دارایی نوێنه‌رایه‌تى دانانى باج لەسەر موچە ڕەت دەكاته‌وه‌

سیاسی
  • 16-04-2021, 13:57
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    ماجیده‌ ته‌میمی ئەندامى لیژنەى دارایى نوێنه‌رایه‌تى له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى سائیرون دەڵێت، ئەوەى لە نوسراوى وەزارەتى دارایى بۆ ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران هاتووە سەبارە بە جێبەجێكردنى دانانى باج لەسەر موچە ڕەت دەكەنەوە و "ناكرێت دواى چوار مانگ لە دابەزاندنى نرخى دینار باجیش لەسەر موچە دابنرێت."  
    تەمیمى،لە ڕاگەیەنراوێکدا كە ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كەوتووە ڕایگەیاندووە، بەهەموو شێوەیەك نوسراوى ژمارە 880ى وەزارەتى دارایى كە 13ى نیسان نێردراوە بۆ ئەمیندارێتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەت دەكەنەوە كە تێیدا وەزیرى دارایى داواى كردووە دوبارە كاربە ڕێنمایى ژمارە 1ى ساڵى 2007 بكرێت بۆ دانانى باج لەسەر موچە.  
    ڕوونیشیكردووەتەوە، ناكرێت موچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت ڕووبەڕووى لێبڕین ببێتەوە لەكاتێكدا چوار مانگ بەسەر دابەزاندنى نرخى دینار بەرامبەر دۆلار تێنەپەڕیوە، "ئەو بڕیارە شكستخواردنى سیاسەتى ئیدارەدانى دەوڵەت و نەبوونى هەماهەنگى لەنێوان سیاسەتەكانى دارایى و نەختینە پیشان دەدات."  
    تەمیمى لە بەشێكى ترى ڕاگەیەنراوەکەیدا جەختی لەوەكردووەتەوە، لەكاتێكدا نرخى دینار دابەزێنرا "جەختمان لەوە دەكردەوە كە پێویستە قۆناغ بە قۆناغ بێت و هەنگاوى ئامادەكاریى بنرێت بۆ باشكردنى موچەى چاودێرى كۆمەڵایەتى و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان و چینە لاوازەكان و باشتركردنى مادە خۆراكیەكانى ناو فۆڕمى خۆراك و كۆنترۆڵكردنى نرخ، بەڵام بە نوسراوێكى وەزارەتى دارایى تووشى سەرسوڕمانیان كردین كە داواى دانانى باج لەسە موچە دەكات، لەكاتێكدا لیژنەى دارایى ئەو بڕگەیەى لە پرۆژە یاساى بودجەدا لابرد."  
    ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى پێشى وایە، "ئەو بڕیارە كاریگەرى نەرێنی لەسەر تواناى كڕین و ژیانى هاوڵاتیان بە فەرمانبەر و كاسبكاران و كەرتى تایبەتیشەوە هەیە، چونكە كاریگەرى لەسەر سەرجەم چالاكى ئابوریى دەبێت و دەبێتە هۆى پاشەكشەى، بۆیە داوا لە وەزیرى دارایى دەكات كە لەو بڕیارە پاشەكشە بكات بەپێچەوانەوە بانگهێشتى دەكەن بۆ لێپرسینەوە."