بهغدا-اهع
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ سێشەممە،لهگهڵ حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکوک گفتوگۆى كرد.
نوسینگهى ڕاگهیاندنى سهرۆك كۆمار لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه،بڵاویكردهوه"بەرهەم ساڵح، سەرۆک كۆمار لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری شاری کەرکوک و ئەو کێشانەی رووبەڕووی دانیشتوانەکەی دەبێتەوە و پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی کەرکوک و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
ڕاگهیهندراوهكه ئهوهیشى خستهڕوو"لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی بەهێزکردن و پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی شاری کەرکوک بە گوێرەی دەستوور و پشتیوانیکردن لە دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان و خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی شارەکە و تێپەڕاندنی مەینەتی و ئاستەنگەکان دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری و چارەسەرکردنی کێشەکان بەخواستی خەڵکی رەسەنی شاری کەرکوک.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی کۆتایهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کەمکردنەوەی مەینەتی کەرکوکییەکان کرد، ھاوکات رایگەیاند کەرکوک شارێکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی، بۆیە گرنگە گشت سەرچاوە و تواناکان بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی رەسەنی کەرکوک بێت، ھەروەھا جەختیشیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتیانی کەرکوک و رێگریکردن لە تیرۆریستان و ھەموو ئەوانەی هەڕەشەن بۆ سەر ئارامی شارەکە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم پیرۆزبایی لە حەسەن تۆران کرد بە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی بەرەی تورکمانی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست، لەبەرامبەردا حەسەن تۆران سوپاسی سەرۆک کۆمار کرد، ھەروەھا پشتیوانی سەرۆک کۆماری بۆ چارەسەری کێشەکان و چەسپاندنی پێکەوەژیان لە کەرکوک بەرزنرخاند.