بهغدا-اهع
بهرههم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئهمڕۆ دووشهممه، پێشوازیکرد لە پارێزگاری بەسره و رایگەیاند، بەگرنگییەوە پشتیوانی دەکات لە میوانداری 25 (بیست و پێنجەمین) پاڵەوانێتی کەنداو لە شاری بەسره، کە گوزاشت دەکات لەگیانی برایەتی و دۆستایەتی هاوبەش، دەشڵێت، "پارێزگای بەسره ناڵاندویەتی بە دەست سیاسەتی سەرکوتکاری و پەراوێزخستن".
سەرۆکایەتی کۆمار لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه، بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسره، دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئەو کێشانەی روبەڕوی شاری بەسره دەبێتەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەختیشکرایەوە لە پێویستی گەشەپێدانی شارەکە لە رێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دانیشتوانەکەی و رەخساندنی دەرەفەتی کار بۆ گەنجان.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار لە رێگەی پارێزگارەوە سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ دانیشتوان و کەسایەتییەکانی بەسره نارد، ھەروەھا ئاماژەیکرد بەوەی شارەکە بۆ چەندین ساڵ و دەیەی رابردو ناڵاندویەتی بە دەست سیاسەتی سەرکوتکاری و پەراوێزخستن و کەموکوڕی، بۆیە دانیشتوانەکەی شایستەی زۆر زیاترن، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە پێویستی خستنەگەڕی هەمو هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ھێنانەدی ئارامی و خۆشگوزەرانی لە شاری بەسره.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم جەختیکردەوە لە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ میوانداریکردنی بیست و پێنجەمین پاڵەوانێتی کەنداو لە شاری بەسره، کە گوزاشت دەکات لەگیانی برایەتی و دۆستایەتی هاوبەش، ھەروەھا گرنگی خۆشی ھەیە لە ھێنانەدی خواستی وەرزشەوانانی عێراق.