كازمى:به‌نده‌رى فاو هه‌لى كارى گه‌وره‌ بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات وپێگه‌ى جیۆسیاسیشى له‌ناوچه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌كات

سیاسی
  • 11-04-2021, 10:12
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران،ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،ڕایگه‌یاند به‌نده‌رى فاو هه‌لى كارى گه‌وره‌ بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات وپێگه‌ى جیۆسیاسیشى له‌ناوچه‌كه‌ به‌هێزتر ده‌كات،ئاماژه‌یشیدا عێراق له‌به‌رده‌م قۆناغێكى نوێدایه‌ كه‌ئاڵنگارییه‌كانى تێپه‌ڕاندووه‌ وبه‌ره‌و قۆناغى بنیاتنان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.
    كازمى له‌وتارێكیدا كه‌له‌ڕێوره‌سمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى فاوى گه‌وره‌،كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)به‌دواداچوونى بۆ كردووه‌،ڕایگه‌یاند"ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌یه‌كى گرنگى ستراتیژى ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ڕۆڵه‌كانى وڵات ماوه‌ى ساڵانێكه‌ له‌چاوه‌ڕوانیدان"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"به‌نده‌رى فاو هه‌لى كارى گه‌وره‌ بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات وپێگه‌ى جیۆسیاسى له‌ناوچه‌كه‌ وجیهان به‌هێزتر ده‌كات،وهه‌لى كارى زۆریش بۆ دانیشتووى به‌سڕه‌ وپارێزگاكانى دیكه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات،وڕۆڵیشى ده‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردنى پارێزگاكه‌".
    وتیشى"زۆر كه‌س گره‌ویان كرد له‌سه‌ر شكستخواردنى پرۆژه‌كه‌ وچه‌ندین پرۆپاگه‌نده‌یان بڵاوكرده‌وه‌ بۆ بێ هیواكردنى گه‌ل،به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمى ده‌ستیپێكرد دواى ئه‌وه‌ى قۆناغه‌كانى پلاندانان وگفتوگۆكانمان ته‌واوكرد وپرۆژه‌كه‌مانیش پاره‌داركرد له‌بوودجه‌ى ئه‌مساڵدا"،ڕوونیشیكرده‌وه‌"پرۆژه‌ى فاوى گه‌وره‌ ته‌نها بۆ به‌سڕه‌ نییه‌،به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كى ستراتیژییه‌ ڕۆڵى ده‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردن وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عێراق،وڵاتیش ده‌كاته‌ پردێكى ئابوورى زۆربه‌ى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌".
    كازمى وتیشى"ئێمه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكى نوێداین له‌مێژووى نوێى عێراق،كه‌تیایدا ئاڵنگارییه‌كان تێده‌په‌ڕێنین،وبه‌ره‌و بنیاتنان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ وگه‌شه‌كردن هه‌نگاو ده‌نێن"،داوایشى له‌"خه‌ڵكى به‌سڕه‌ى فه‌یحا  وهه‌موو ناوچه‌كانى عێراق كرد به‌هیوا بن وده‌ست له‌ناوده‌ستى یه‌كتر بنێن بۆ بنیاتنانى وڵاته‌كه‌مان له‌فاو تاوه‌كو زاخۆ".
    كازمى دووپاتیشیكرده‌وه‌"عێراق سه‌ر له‌نوێ به‌هیمه‌تى گه‌نجان ولاوانى ده‌بووژێته‌وه‌،وله‌سه‌رناوى خوا پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ وبه‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌رپه‌رشتى كردن وچاودێرى بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتن ته‌واو بێت به‌بێ هیچ دواكه‌وتنێك".