چاودێرى -اهع
لەسەر یاریگای ئەلفریدۆ دی ستیڤانۆ لە كلاسیكۆی خولی یانەكانی ئیسپانیا یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو میوانداری بەرشلۆنەی ركابەری دەكات.
لە ئێستادا ریال مەدرید خاوەنی 63 خاڵەو پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتوە، زێدانی راهێنەر پلانی ئەوەی داناوە بردنەوە لەم یارییەدا تۆمار بكات ، لەوانە بردنەوە لە بەرشلۆنە و یەكسان كردنەوەی خاڵەكان لەگەڵ ئەتلەتیكۆمەدرید یەكەمی ریزبەندی و وەرگرتنەوەی پلەی دووەمی ریزبەندی.
ریال مەدرید بەشێوەیەكی باش بۆ ئەم یارییە ئامادەكاری كردووە، ئەم تیپە لە ناوەراستی هەفتەی رابردوو لەیاری چوونی قۆناغی هەشتەمی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر بە لیڤەرپولی ئینگلیزی بەسێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك بردنەوەی تۆمار كردووەو نزیك بۆتەوە لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو، ئەمەش وای كردووە ریال مەدرید بە ئاسودەیی بۆ ئەم یارییە ئامادەبێت.
بەگوێرەی بەرنامەی چرنگیتۆی ئیسپانی لەم یارییەدا زێدان بە پێكهاتەیەكی هێرشبردن بەشداری دەكات و هەریەك لە ماركۆ ئەسینسیۆ و كەریم بن زیما و فینیسیۆس جۆنیۆر لە یارییەكە بەشداری دەكەن، راپۆرتەكان ئاماژە بە ئامادەبوونی ئیدین هازاردیش دەكەن بەڵام پێشبینی دەكرێت ئەم یاریزانە لەسەر كورسی یەدەگ بێت، هەریەك لە سێرجیۆ رامۆس و رافایل ڤارانیش بەشداری لەیارییەكە ناكەن.
ریال مەدرید یاری چوونی كلاسیكۆی لە كامپ نو لە بەرشلۆنە بردۆتەوە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك، هەوڵ دەدات لەیاری گەرانەوەش بردنەوە تۆمار بكات.
لەم وەرزە لە 29 یاری ریال مەدرید 19 بردنەوەو شەش بەرامبەر بوون و چوار دۆرانی هەیە،سێ دۆرانیشی لەسەر ئەم یاریگایە بە قادش و ئەلاڤێش و لیڤانتی دۆراندوە.
خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە بە تۆمار كردنی 51 گۆڵ ، سێیەم بەهێزترین هێڵی بەرگریشی هەیە 23 گۆڵی لێ تۆمار كراوە.
هەرچی یانەی بەرشلۆنەیە ئەم یانەیە لەرووی جەستەییەوە باشتر ئامادەیە چونكە هیچ بەشدارییەكی لەسەر ئاستی ئەوروپا نەماوە پاش دەرچوونی لە قۆناغی16می یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لە جامی شای ئیسپانیاش گەیشتوە بەیاری كۆتایی.
بەرشلۆنە ئەم یارییە بە یاری كۆتایی دەزانێت، چونكە بردنەوە زۆر بەنرخە ، لەكاتی بردنەوە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت پێشەنگی یانەكانی خولەكە وەردەگرێتەوە، ئەم تیپە 65 خاڵی هەیەو پلەی دووەمی ریزبەندی گرتوەو بەجیاوازی یەك خاڵ لە ئەتلەتیكۆمەدریدی پێشەنگ دوورە، لەشەش یاری رابردوو لەسەریەكتر بردنەوەی تۆمار كردووەو چاوی لەوەیە بردنەوەی حەفتەمی لەسەریەك تۆمار بكات.
یارییەكە لەلایەن جیل مانزانۆی ناوبژیوان بەڕێوە دەبردرێت پاش ئەوەی ناوبژیوانی دیاری كراو بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە كە ماتیۆ لاهۆز بوو توشی پێكان بوو ناتوانێت یارییەكە بەڕێوە ببات.
بۆ ئەم یارییە هەریەك لە سێرجی رۆبیرتۆ و جیرارد پیكی دەگەڕێنەوە پێكهاتەی تیپەكە پاش ئەوەی لەلایەن پزیشكەكان رێگەیان پێدرا بەشداری لە یارییەكە بكەن، هەریەك لە كۆتینیۆ و ئەنسۆ فاتێ بەهۆی پێكانەوە بەشداری لە یارییەكە ناكەن.
كومانی راهێنەری بەرشلۆنە باش دەزانێت ئەركی تیپەكەی ئاسان نیە لەم یارییەدا، هەوڵ دەدات پلانێكی گونجاو بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدات.
بەرشلۆنە لەكۆی ئەنجامدانی 29 یاری لەم وەرزەی لالیگا 20 بردنەوەو پێنج بەرامبەر بوون و چوار دۆڕانی هەیە، خاوەن بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە بە تۆمار كردنی 68 گۆڵ ، چوارەم بەهێزترین هێڵی بەرگری هەیە 24 گۆڵی لێ تۆمار كراوە.
لەوەتەی ئازاری 2019 بەرشلۆنە نەیتوانیوە لە ریال مەدرید بباتەوە، ئەوكات لە سانتیاگۆ بەرنابیۆ بە گۆڵی ئیڤان راكیتیچ براوە بوو، لەدوای ئەم یارییە سێ یارییان بەیەكەوە كردووە لە دوو یاری دۆراوەو لەیارییەكیش بەرامبەر بوونە.