سه‌رۆك به‌رهه‌م نامه‌یه‌كى ده‌سنووس له‌پاپا فرانسیسه‌وه‌ پێگه‌یشت

سیاسی
  • 6-04-2021, 15:16
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار،ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە میتجا لسکوفار، باڵیۆزی دەوڵەتی ڤاتیکان لە عێراق و  نامەیەکی لە قەداسەتی پاپا فرانسیس پێگەیاند.
    بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، لەسەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزی ڤاتیکان سڵاوی تایبەتی قەداسەتی پاپا فرانسیسی گەیاندە سەرۆک بەرهەم، ھاوکات باڵیۆزی ڤاتیکان نامەیەکی لە قەداسەتی پاپای ڤاتیکان گەیاندە سەرۆک کۆمار، کە تێیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گەل و حکومەتی عێراق دەربڕیوە بۆ ئەو ئامادەکارییە گەورەیە و پێشوازییە گەرمەی کە لە کاتی سەردانەکەی بۆ عێراق کرابو، ھەروەھا جەختیکردوەتەوە لەوەی عێراق بە شارستانی و رۆشنبیری و مێژوە دێرینەکەی دەتوانێ رۆڵی کاریگەر بگێرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان.
    لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆمار سڵاو و رێزی خۆی لە رێگەی باڵیۆزی ڤاتیکان ئاڕاستەی قەداسەتی پاپا فرانسیس کرد، ھاوکات ئاماژەیکرد بە گرنگی ئەو سەردانەی کە پاپای ڤاتیکان ئەنجامیدا بۆ عێراق لە مانگی رابردو و بەسەرکردنەوەی شارەکانی بەغدا و نەجەف و زیقار و هەولێر و موسڵ، ھەروەھا ستایشی پشتیوانی و گرنگیدانی بەردەوامی پاپای کرد بۆ گەلی عێراق.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرهەم رایگەیاند، "سەردانەکەی قەداسەتی پاپا پەیامی پێکەوەژیانی مرۆڤایەتی بۆ گەلی عێراق لەخۆگرتبو، بەئاڕاستەی تێپەراندنی ئاستەنگەکان و ھێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق بەتایبەتی و ناوچەکە بەگشتی".