چاودێرى-اهع
وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشنیاری ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکان لە بەرامبەر پابەندبونی تەواو بە رێککەوتننامە ئەتۆمیەکە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند، "سیاسەتی کۆتایی کۆماری ئیسلامی ئێران، لابردنی هەمو سزاکانی ئەمریکایە".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێشنیاری ئەمریکا پەیوەست بە هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی سزاکان لەبەرامبەر پابەندبون بە تەواوی رێککەوتننامە ئەتۆمیەکە رەتدەکەنەوە و سەرەتا دەبێت تەواوی سزاکان لاببرێن.
گالینا پۆرتەر، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تیشک دەخەنە سەر گفتوگۆکانی هەفتەی داهاتو بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کە لە ساڵی 2015دا لەگەڵ زلهێزانی جیهانی واژۆی کردوە.
دوێنێ ههینی، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا، چین، فڕەنسا، ئەڵمانیا، روسیا و بریتانیا لەگەڵ بەرپرسە ئێرانییەکان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کۆبونەوە.