بهغدا-اهع
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران،ئەمڕۆ سێشەممە ، ئاماری ئەو خێزانانەی ئاشکراکرد کە لە کەمپەکاندا ماونەتەوە،وتیشی ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەت دانراوە بەش ناکات بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبونی تایبەت بە ئاوارەکان
کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) رایگەیاند:"تا ئێستا 29 ھەزار خێزانی ئاوارە لە ژمارەیەک کەمپی ناوخۆ و ھەرێمی کوردستان ماوەن، 4 هەزار خێزانیش لە دەرەوەی وڵاتن،و لەبەر چەند ھۆکارێک نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لەئێستاشدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدان.
ئاماژەی بەوەکرد"وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران سەرجەم کەمپی ئاوارەکانی داخستوە جگە لە کەمپی جدعە سەربە پارێزگای نەینەوا، کەمپی عامرییەت-فەللوجە سەربە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ 26 کەمپ لە ھەرێمی کوردستان کە ئاوارەکانی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری شاری مووسڵ، تیایدا نیشتەجێن.
کەریم نوری وتیشی، "سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی ئارەزومەندانە بۆ زێدی خۆیان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە ھەماھەنگیی دایە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان"، ئێستا ژمارەیەک لە ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، لەبەرنەبونی خزمەتگوزاریی و بونی کێشەی کۆمەڵایەتیی نایانەوێت بگەڕێنە زێدی خۆیان.
ئەوەشی خستهڕو، لە بودجەی 2021دا، 85 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تەرخانکراوە کە 13 ملیار دیناری بۆ بەکاربردن، بەڵام 72 ملیار دینارەکەی دیکە بەشی بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبونی تایبەت بە ئاوارەکان ناکات کاتێک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەبەرئەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران داوای لە حکومەت کردوە کە بەڵێنەکانی بەرامبەر بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان جێبەجێ بکات.