به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان..ئۆپراسیۆنى پێشوه‌خته‌ وئاڵنگارییه‌كانى ئاشكراكردنى سه‌رچاوه‌كانى دزه‌پێكردنیان

ئەمنی
  • 26-03-2021, 12:29
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
    به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ،ئه‌مڕۆ هه‌ینى،دووپاتیكرده‌وه‌،چه‌ند پرۆسه‌یه‌كى پێشوه‌خته‌یان ئه‌نجامداوه‌ دژى مافیاكانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان،ئاماژه‌یشیدا ئاڵنگارییه‌كى زۆر هه‌یه‌ بۆ ئاشكراكردنى سه‌رچاوه‌ى دزه‌پێكردنى ئه‌م ماددانه‌ ،وهێنانى بۆ نێو وڵات.
    عه‌مید ڕه‌عه‌د عه‌لى حسێن به‌رێوبه‌رى هه‌ماهه‌نگى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ى دوو تاوانبارى ده‌ستگیركردووه‌ له‌پارێزگاى میسان كه‌2 كێلو گرام له‌هه‌ردوو مادده‌ى كریستاڵ وهۆشبه‌رى پێبووه‌،هه‌روه‌ها دوو تاوانباری دیكه‌ى له‌پارێزگاى ئه‌نبار ده‌ستگیركردووه‌،كه‌نزیكه‌ى 35 هه‌زار حه‌پى هۆشبه‌ریان پێبووه‌ له‌جۆرى كبتاجۆن".
    وتیشى"پرۆسه‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى حه‌وت ملیۆن حه‌پى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌شارۆچكه‌ى ڕوتبه‌ له‌ڕێگاى تیمه‌كانى سوپاوه‌ بووه‌ به‌هاریكارى پۆلیسى خۆجێى له‌شارۆچكه‌ى ڕوتبه‌"،ئاماژه‌یشیدا"تیمه‌كان به‌هاریكارى هاوڵاتیان توانیان ده‌ستبه‌سه‌ر بارهه‌ڵگرێكى ساردكه‌ره‌وه‌ بگرن كه‌له‌یه‌كێك له‌پاركه‌كان ڕاوه‌ستابوو،ومادده‌ى هۆشبه‌رى باركردبوو به‌نزیكه‌ى نۆ كێلو گرام له‌مادده‌ى كریستاڵ،وحه‌وت ملیۆن حه‌پى هۆشبه‌ر له‌مادده‌ى كبتاجۆن".
    حسێن وتیشى"ئه‌م ڕێژه‌ زۆر ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌یه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌توانیان ده‌ستبه‌سه‌رى بكه‌ن،به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هێمایه‌كى نه‌رێنى ومه‌ترسیداره‌ له‌هاتنى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان،به‌تایبه‌ت له‌و پارێزگایانه‌ى سنوورى هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ"،ئاماژه‌یشیدا"هاتنى ڕێژه‌یه‌كى زۆرى ئه‌م مادده‌یه‌ نیشانه‌ى هه‌بوونى بۆشایی ئه‌منییه‌ كه‌پێویسته‌ دیارى وچاره‌سه‌ر بكرێت له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان".
    جه‌ختیشیكرده‌وه‌"به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ناوچه‌كانى نیشته‌جێبوون له‌پارێزگا وشارۆچكه‌ وشاره‌دێیه‌كان كارده‌كات،بۆیه‌ ده‌بێت بزانرێت چۆن ئه‌م مادده‌ هۆشبه‌رانه‌ له‌هێڵى سنوورى یان له‌ڕێگاى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ هاتۆته‌ نێو وڵاته‌وه‌".