بهغدا-اهع
لیوا یهحیا ڕهسول وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان،ئهمڕۆ چوارشهممه،رایگەیاند، له ئۆپراسیۆنێكدا کە لە زنجیرە چیاکانی مەخمور لەژێر ناوی "شێری ئاماده" ئەنجامیانداوە،بیست وحهوت چهكداری داعشیان كوشتوه و 312 جار بۆردومانی ئاسمانیی کراوەتەسەر حەشارگەکانی داعش.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بهیاننامهیهكدا،كه دهستى ئاژانسى عێراقى(اهع) كهوتووه رایگهیاند، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەرپەرشتی راستەوخۆی دەزگای دژەتیرۆر، ئۆپراسیۆنی "شێری ئاماده" لە زنجیرە چیاکانی مەخمور لە باشوری رۆژهەڵاتی شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا بە ئامانجی راوەدونانی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئهو ئۆپراسیۆنە 14 رۆژی خایاندوە، تیایدا 27 چهكداری داعش کوژران و هێشتا ژمارەی ئەو چهكدارانهی دیکە نەزانراوە، کە لەژێر تاشە بەردەکانی زنجیرە چیاکەدا ماون.
باسی لەوەشکردوە، هێزەکانی ئاسمانیی و فڕۆکە جەنگییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش پشتیوانی هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆریان کردوە و لەم چوارچێوەیەدا، 312 جار بۆردمانی ئاسمانییان ئەنجامداوە، کە لە ئاکامدا 120 ئەشکەوت و حەشارگەی رێکخراوەکە خاپور کراون.
رەسوڵ ئەوەشی خستەڕو، ئۆپراسیۆنەکە بە هەوڵ و تواناکانی هەواڵگریی و سەربازیی دەستیپێکرد و لە رێگەی تاکتیکی پێشکەوتو بە بڵاوەپێکردنی تیمەکانی قەناسبەدەست لە دەروازەکانی ئەشکەوت و حەشارگەکان، لە زنجیرە چیای مەخمور ئەنجامدراوە.