ساڵح داواى چارەسەرکردنێکی دەستوریانەی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌

سیاسی
  • 20-03-2021, 19:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   


    د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی"کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هه‌مو کوردانی جیهان و تەواوی گەلانی رۆژهەڵات " کرد.
    نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار لەپەیامەکەیدا كه‌ ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:"" له‌م نه‌ورۆزدا وێڕای ئەوەی خێر و خۆشی بۆ یەک بەیەکی رۆڵەکانی گەل ده‌خوازین، له‌هه‌مان کاتدا دوبارە جەخت له‌ چارەسەرکردنێکی دەستوریانەی ریشەیی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌که‌ینه‌وه،‌ به‌جۆرێک مافی سه‌رجه‌م پێکھاتە جیاوازەکانی لە خۆبگرێت. ." 
    دەقی پەیامەکەی سەرۆک بەرهەم بەبۆنەی نەورۆزەوە:
    ئەم رۆژی، ســــــاڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
    جه‌ژنێکی، کۆنی کورده ‌و به خۆشــی و بەهاته‌وه


    لەگەڵ یەکەم کڵپەی ئه‌م نه‌ورۆزه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هه‌موو کوردانی جیهان و تەواوی گەلانی رۆژهەڵات دەکەم.


    نەورۆز هێمای وه‌رچه‌رخانێکی مێژووییه‌ کە تیایدا کۆتایی به‌ سته‌م و زۆرداری هات و دادپەروەری و ئازادی بەسەر زوڵم و خوێنڕێژیدا سەرکەوت.


    له‌م نه‌ورۆزدا وێڕای ئەوەی خێر و خۆشی بۆ یەک بەیەکی رۆڵەکانی گەل ده‌خوازین، له‌هه‌مان کاتدا دووبارە جەخت له‌ چارەسەرکردنێکی دەستووریانەی ریشەیی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌که‌ینه‌وه،‌ به‌جۆرێک مافی سه‌رجه‌م پێکھاتە جیاوازەکانی لە خۆبگرێت.


    ھیوادارین ئەم نەورۆزە سەرەتای سازان و رێککەوتنێکی ھاوسەنگ و جێگیر بێت بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و پاوانخوازی و سەرەتای رەخسانی دەرفەتی راستەقینە بێت ھەتا رۆڵەکانی گەل لەسایەیدا رووەو ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ھەنگاو بنێن و ھاووڵاتیان لەسەرانسەری وڵات بتوانن له‌ خێروبێری وڵاتەکەیان و دوور لە دڵه‌راوکێی بژێوی ژیان و مووچە بە ژیانی شایستە بەخۆیان بگەن.


    ھەروەک چۆن داواکارم په‌سه‌ندکردنی یاسای بودجه‌‌ی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ ببێته‌ سه‌ره‌تای بەدیھێنانی دادپەروەری و بەکردەوە کۆتاییهاتنی ده‌ستدرێژی بێت بۆ سه‌ر داهاتی گشتی. 


    له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌ی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵمان به‌و په‌ڕی رێزه‌وه‌ یادی شەهیدانمان ده‌که‌ینه‌وه‌ کە بە خوێنی گەشی خۆیان پارێزگارییان له‌ وڵاته‌که‌یان کرد، له‌هه‌مان کاتدا سڵاوی وه‌فاداری بۆ که‌سوکاریان ده‌نێرین و بۆ تەواوی تێکۆشەرانی ئەم پێناوە دەنێرین.


    هەموو نه‌ورۆزێک بۆ گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهان مایه‌ی سەرکەوتن و لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و خێر و ئاوه‌دانی بێت.