بهغدا-اهع
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خواروی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو كراوە تاوەکو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە ههر هاووڵاتییهك دهبێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبوبێت، بۆیە داواکارین لەهەمو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.
له ڕاگهیەندراوهكهى ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه،هاتووه"بەبۆنەی جەژنی نەورۆز سەری ساڵی نوێی کوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لەهاوڵاتییانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەین و هیوادارین نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە ماییەی خێرو خۆشی بۆ هەموو کوردستانیان بەگشتیی و هاوڵاتییانی هەولێر بەتایبەتی، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی ئەم یادە، بەهۆی ڕێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانی ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ بەمشێوەیەی خوارەوە ڕادەگەێنێ:-
یەکەم/ ئاگری سیومبولی نەورۆز بهبێ هیچ گردبوونهوه و كۆبوونهوهیهكی جەماوەری لەیەک شوێنی هەولێر کە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان کراوە دەکرێتەوە، هەرجۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی دیکە لەهەرشوێنێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دووەم/ سەرجەم هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، ئاگادار دەکەینەوە، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دروستنەکردنی قەرەباڵغی و گردنەبوونەوەی ژمارەی زۆری چەندین خێزان بەیەکەوە ڕێگە پێدراوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (4) تۆن و ماتۆڕسکیل لە رۆژانی 20 تاوەکو 24ی ئازار بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
سێیەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكەی، بەپێی پلانێكی ئەمنیی تۆكمە بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچکەکان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن و ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نایاسایی و نائاسایی بكەن، ئەمە وێڕای دانانی مەفرەزەی گەڕۆك لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بە بەردەوامی و هێزە هاوبەشەكان و تیمەکانی تەندروستیش لەسەیرانگاكاندا بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان لەئەرک دادەبن.
چوارەم/ لە بازگەکانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوکراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو كراوە تاوەکو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو کە ههر هاووڵاتییهك دهبێت پشکنینی کۆرنای کردبێت و 72 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواکارین لەهەموو لایەک پابەندی لەو بڕیارە بکەن.
پێنجەم/ وێڕای دهستخۆشی لهبەرپرس و ئەفسەرانی بازگەکان و کارمەندانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانییان، ڕامانسپاردوون بەمەبەستی دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەکان هەڵبگیرێت و لە هەموو ڕوێکەوە لەگەڵ هاوڵاتییان سیمای جوان و سەردەمیانەی هەولێری پایتەخت لە میوانداری و میوان دۆستیدا نیشان بدرێت، لەڕۆژانی نەورۆزدا لەکاتی گەشت و سەیران ئاسانکاری تەواو بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان بکرێت.
شەشەم/ پاک ڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان و پاراستنی ژینگە، ئەرکی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، لەکاتی گەشت و سەیران و چوونەدەرەوەیاندا بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پاراستن و پاک و خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و پارێزگاریکردن لە درەخت و سەوزاییەکان بکەن و پاشماوە و پیسی و ئاگر لەدوای خۆیاندا لەشوێنەکان جێنەهێڵن.
حەوتەم/ داوا لەهاوڵاتییان دەکەین، لەم قۆناغە هەستیارەدا کە بەداخەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاو دەبێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی تووش بووان لە زیادبووندایە، بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بکەن و لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و (دەمامک) ببەستن.