بهغدا-اهع
بهرههم ساڵح سەرۆك كۆمار،ئهمڕۆ دووشهممه، هیوای خواست كه یاسای كچان و ژنانی ئێزدییه رزگاربوهكان به زوترینكات پهسهند بكرێت،وجەختدەکاتەوە لە پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی ژن و كچە رفێنراو و شوێنبزركراوەكانی ئێزدی و ئازادكردنیان.
سهرۆكایهتى كۆمار لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه،ڕایگهیاند"بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە نادیە موڕاد چالاكوانی ئێزدی".
لە دەستپێكی دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم ستایشی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی كرد كە نادیە موڕاد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان پێی ھەڵدەسێت لە پێناو گەیاندنی دەنگی قوربانییە ئێزدییەکان بە جیھان، ھاوکات بەگرنگییەوە باسی لە ئازایەتی و قوربانییەکانی نادیە موڕاد و کچان و کوڕانی ئێزیدی و سەرجەم پێکھاتەکانی دیکە گەلی عێراق کرد دژ بە تیرۆر و داعش.
لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار دووپاتیکردەوە كە بە هەموو هێز و توانایەوە كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەكان و هەموو ئاوارە و دەربەدەرەکان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و خۆشگوزەران، ھەروەھا جەختیکردەوە كە پێویستە سەرجەم بەربەستە سیاسی و كارگێڕییەكانی بەردەم پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لاببرێن، بەتایبەتی دۆخی ئیدارەی شەنگال دووبارە رێكبخرێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری تێدا پارێزراو بێت و خزمەتگوزارییە ماددی و مەعنەوەییەكانیش بۆ دانیشتوانەكەی بەردەست بخرێت بەجۆرێک شایستەی قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بەرهەم هیوای خواست کە یاسای کچان و ژنانی ئێزدییە رزگاربووەكان بە زووترین كات پەسەند بكرێت، ھاوکات سەرجەم چین و توێژە زیان لێكەوتووەكانی دیكەش بگرێتەوە، ئاماژەشی بە گرنگی ئەو كارە دڵسۆز و ماندونەناسانە كرد كە لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون بەمەبەستی چڕكردنەوەی هەوڵ و كۆششەكان بۆ سۆراغكردنی چارەنووسی ژن و كچە رفێنراو و شوێنبزركراوەكانی ئێزدی و ئازادكردنیان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا نادیە موڕاد سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن سەرۆك بەرهەمەوە لێیكرا، ھەروەھا هەوڵ و كۆششە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆماری بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسییەی ئێزدییەكان، ھاوکات نادیە موڕاد دووپاتیکردەوە کە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئێزدییەكان و چین و توێژە زیان لێكەوتووەكانی دیكەی قوربانیانی دەستی تیرۆر و تیرۆرستان.