كازمى بۆ حه‌جره‌ف جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌پێویستى پەلەكردن لە دۆسییه‌ى بەستنەوەی هێڵی كارەبا

  • 1-02-2021, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌،بۆ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو،دووپاتیكرده‌وه‌،له‌پێویستى پەلەكردن لە دۆسییه‌ى بەستنەوەی هێڵی كارەبا وپته‌وكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌" كازمی،ئەمڕۆ دووشەممە  ،پێشوازیكرد لە نایف حەجرەف،  ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و وەفدی یاوەری.
    به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌میان دیداره‌كه‌ جەختیشی كردوەتەوە لەسەر هەوڵەكانی عیراق بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری و هێنانەدی تەواوكاری لەگەڵ وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لەسەرجەم كایە جیاوازەكانی سیاسی و كەلتووری و ئابووری و بازرگانی، بەتایبەتی لەئێستادا ئەو پەیوەندییانە لەئاستی داخوازییەكانی عیراقدا نین، پێداگریشی كردووە كە پێویستە پەلە بكرێت لە دۆسیەی بەستنەوەی كارەباو پێشخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
    بەگوێرەی بڵاوكراوەی نووسینگەكەی، كازمی ئاماژەشیداوە بەهەوڵەكانی ئاشتبوونەوەو پێكهاتنەوەی وڵاتانی كەنداو، رایگەیاند: عیراق پێشوازی لەو هەنگاوانە دەكات، جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە دایەلۆگ ببێتە بنچینە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسراوەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە.
    كازمی جەختیشی لەسەر گرنگی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی وەبەرهێنان و ئەو بەڵێنانە كردەوە كە لە كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش لەكوەیت درابوون، بەشێوەیەك بێت كە كاریگەری لەسەر بەدیهاتنی سەقامگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیی لەعیراق دروستبكات و رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ئەمنیی ناوچەكە بەگشتی هەبێت، ئاماژەشی بەهەوڵەكانی عیراق دا لە بەگژداچوونەوەی تیرۆرو هەڵمەتە بەردەوامەكان بۆ راوەدوونانی پاشماوەكانی تیرۆریستان.
    لای خۆیەوە، نایف حەجرەف، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو جەختیكردەوە كە ئەنجومەنی كەنداو پاڵپشتی لەعیراق دەكات بۆ هاتنەدی ئاسایش وسەقامگیری و سەروەری وڵاتەكەی، لە كۆنگرەی باڵای وڵاتانی ئەنجومەن لە عولا جەخت لەسەر ئەو پاڵپشتییە كرابوەوە.
    حەجرەف جەختیشی كردەوە، وڵاتانی كەنداو شانازی بەو ئەزموونەی عیراق دەكەن لەبواری بەگژداچوونەوەو لەناوبردنی تیرۆر، نیگەرانی خۆشی لەبەرامبەر قوربانیانی سڤیل دەربڕی، بەتایبەت  قوربانییانی رووداوە تیرۆرستییە ترسنۆكانەكەی مەیدانی تەیەران.
    حەجرەف روونیشی كردەوە: دۆسیەی بەستنەوەی كارەبا لەنێوان وڵاتانی كەنداو هەنگاوی باشی بۆنراوەو گەیشتۆتە قۆناغی پێشكەوتوو، وڵاتانی ئەنجومەنی كەنداو جددین لەبەستنی بەردەوامی دیدارو كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان.