بەعدا – ا ه ع سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: ئەو سەركەوتنانەی عێراق لە ساڵی رابردوو كە بە گیانفیدایی رۆڵەكانی بەدیهاتن، رەنگادانەوەی باشی هەبووە لە كاركردنی دەوڵەت و رۆڵی هەبووە لەسەقامگیری ئەمنی و توانیویانە لەرێی كرانەوەیان بە رووی جیهاندا بە شێوەیەكی ئیجابی رۆڵی كاریگەر لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بگێڕن. جبوری لەمیانی وتەیەكیدا كە لەكۆنگرەی باڵیۆزان و سەرۆكی نێردە دیبلۆماسییەكان پێشكەشیكرد كە وەزارەتی دەرەوە رێكیخستبوو، رایگەیاند ئەو رێگریانەی روبەرویان بوەتەوە پێویستی بە هاریكاری هەموو لایەك هەیە، چونكە ئەو بەربەستانە تەنها لەسەر یەك وڵات یان یەك گروپ كاریگەر نابن، وتیشی نەمانی متمانە لە نێوان لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەبەرژەوەندی گروپە تیرۆریستیەكانە كە لەسەر ئەو ناكۆكیانە دەژین. سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاند: ئەنجومەنی نوێنەران لەماوەی رابردوودا كاری لەسەر دەركردنی ئەو یاسایانە كردووە كە پێداویستیەكانی هاوڵاتیان دەستەبەر دەكات و دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەپارێزێت، سەرباری ئەو بارودۆخە قورسەی روبەروویان بوەتەوە.