سەرۆک کۆمار وحەجرەف گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانیان تاوتوێكرد

  • 1-02-2021, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    به‌رهه‌م ساڵح،سەرۆک کۆمار دووپاتدەکاتەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان .
    نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌" سەرۆک بەرهەم پێشوازیکرد لە نایف فەلاح حەجرەف، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو گفتوگۆکرا.
    وتیشى"لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی گەلان بکات، ھاوکات دەرفەتی بونیادنان و خزمەتگوزاری و ئاشتی بەهێزتر بکات، هەروەها بەگرنگییەوە باس لە هەنگاوەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کرا بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنامەکان لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان".
    ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار بەبایەخەوە باسی لە سەرکەوتنی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لوتکەی کەنداو کرد، کە تیایدا واژۆ لەسەر بەیاننامەی عولا و ھێنانەدی ئاشتەوایی کەنداو کرا، بۆ ئەو مەبەستە ئاماژەیکرد کە ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی بەهێزکردنی رۆڵ و کارەکانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، هەروەها کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ھێنانەدی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم، رایگەیاند ئەو ئاڵنگاریانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت بە تایبەتی کێشەی تیرۆر و دۆخی ئابووری ئاڵنگاری هاوبەشن، بۆیە پێویستە هەماهەنگی ھاوبەش ھەبێت بۆ بەگژاچوونەوەی مەترسی تیرۆر و قەیرانی ئابووری لە رێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی گەشەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانی، راشیگەیاند عێراقێکی ئارام و خاوەن پەیوەندی تەندروست لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە سەکۆیەک بۆ پتەوکردنی ئاسایش و ئارامی و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.
    لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری کرد و جەختیکردەوە لە پابەندبوونی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەروەری عێراق و پشتیوانیکردنی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ھەروەھا ئاماژەشیکرد بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەنجومەن بەگرنگییەوە دەڕواننە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە تەواوی بوارەکاندا و کردنەوەی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش.