سه‌رۆكایه‌تییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سازده‌كه‌ن بۆ تاوتوێكردنى ئاماده‌كارییه‌كانى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو

  • 14-01-2021, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

    هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌،ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌،جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌پێویستى فه‌راهه‌مكردنى یاساى دادگاى فیدڕاڵى له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌.
    سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌" هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی ئه‌نجامدا به‌ ئاماده‌بونی به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆمار و مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و فائق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری،كۆبونه‌وه‌كه‌ میوانداری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و جینین پلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی له‌ عێراق كرد و له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داھاتو گفتوگۆكرا،له‌میانی كۆبونه‌وه‌كه‌دا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژارده‌نه‌كان خشته‌ی كاره‌ ته‌كنیكی و كاته‌كانی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی خسته‌رو، هه‌روه‌ها پابه‌ندبونی كۆمیسۆنی نیشاندا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داھاتو به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌ر، ھاوكات دوپاتشیكرده‌وه‌ له‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنی تۆماری بایۆمیتری بۆ ته‌واوی ده‌نگده‌ران و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ زامنكردنی چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌. 
    به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ھه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كۆمسیۆنی ھه‌ڵبژاردنه‌كان جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ كاتی پێویست ده‌دات به‌ سه‌رجه‌م پاڵێوراوان و هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌كان و هێزه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌كان و گه‌نجان بۆ ته‌واوكردنی رێكار و رێوشوێنی تۆماری یاسایی و پێشكه‌شكردنی لیستی پاڵێوراوه‌كان.
    ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وتیشى ھاوكات بۆئه‌وه‌ی كۆمیسۆن كاره‌كانی به‌ باشترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت، ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان نیشاندا تاوه‌كو ئه‌ركه‌كانی به‌باشی به‌ڕێوه‌ببات و پێداویستییه‌ ده‌ستوری و یاساییه‌كانی ته‌واو بكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، به‌تایبه‌ت پێویستی ته‌واوكردنی یاسای دادگای فیدراڵی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ھه‌روه‌ھا جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 64ی ده‌ستور په‌یوه‌ست به‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌.