لیوا ڕه‌سول: هیچ ڤیتۆیه‌ك له‌سه‌ر پڕچه‌ككردنى سوپاى عێراقى نییه‌

ئەمنی
  • 3-01-2021, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    لیوا یه‌حیا ڕه‌سول وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان ،ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،ڕه‌تیكرده‌وه‌ ڤیتۆ هه‌بێت له‌سه‌ر پڕچه‌ككردنى سوپاى عێراقى،ئاماژه‌یشى به‌پێویستى زیادكردنى تواناكانى به‌رگرى ئاسمانى كرده‌وه‌. 
    له‌لایه‌كى تره‌وه‌ نایف شه‌مه‌رى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش وبه‌رگرى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاماژه‌ى به‌وه‌دا گوژمه‌ داراییه‌كان له‌بوودجه‌ى 2021 ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دیاریده‌كات.
    حه‌سه‌ن فه‌دعه‌م ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى عێراقیون له‌میان به‌شداریكردنى له‌به‌رنامه‌یه‌كى كه‌ناڵى عێراقیه‌ پێیوایه‌"عێراق خاوه‌ن هێزێكى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى به‌توانایه‌ بۆ پاراستنى".
    لیوا یه‌حیا ڕه‌سول وته‌بێژى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان ڕایگه‌یاند"تواناكانى سوپاى عێراق زۆر باشه‌،وپێویستى به‌زیادكردنى تواناكانى به‌رگرى ئاسمانییه‌".
    ڕه‌سول وتیشى"له‌په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ سوریا بۆ پاراستنى سنوور،ونامانه‌وێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ لێدانى وڵاتانى دراوسێ".
    ئاماژه‌یشیدا"زۆربه‌ى خێزانه‌ ئاواره‌بووه‌كانى شه‌نگال گه‌ڕانه‌وه‌ شاره‌كه‌ى خۆیان".
    ڕه‌سول ئه‌وه‌یشى وت"ده‌بێت ئه‌مریكا وئێران ڕێز له‌سه‌روه‌رى عێراق بگرن".
    ڕه‌سول باسیشى كرد"هێزه‌ چه‌كداره‌كان چاودێرى گرژییه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن،سه‌روه‌رى عێراقیش بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كان هێڵى سووره‌"،هۆشداریشیدا"هه‌ر هێرشێك له‌نێوان ئه‌مریكا وئێران ده‌رئه‌نجامه‌كانى كاره‌ستبار ده‌بێت".
    وتیشى"بنیاتنانى وڵات ودووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ململانییه‌كان ده‌بێت كارى له‌پێشینه‌كان بێت،چونكه‌ له‌سایه‌ى گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا وئێران ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ به‌رژه‌وه‌ندى عێراقه‌".
    ڕایشیگه‌یاند"هیچ ڤیتۆیه‌ك له‌سه‌ر پڕچه‌ككردنى سوپاى عێراق نییه‌". 
    لاى خۆیه‌وه‌ نایف شه‌مه‌رى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایش وبه‌رگرى نوێنه‌رایه‌تى،ڕایگه‌یاند"پیاوانى ئێمه‌ ده‌توانن به‌رگرى له‌عێراق بكه‌ن،وسه‌رجه‌م وڵاتان به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان ده‌گه‌ڕێن وپه‌یوه‌ندییان به‌به‌رژه‌وه‌ندى عێراقه‌وه‌ نییه‌"،دووپاتیشیكرده‌وه‌"عێراق زۆر پێویستى به‌سیسته‌مى به‌رگرى ئاسمانى هه‌یه‌".
    شه‌مه‌رى وتیشى"گورژمه‌ى دارایی له‌بوودجه‌ى 2021 ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دیاریده‌كات".