بارزانى:هه‌ركه‌س و لایه‌نێك هه‌وڵی شێواندن و ناشرینكردن بدات ڕێكاری توندی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر

  • 2-01-2021, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر پاسێكی گه‌شتیاری له‌ شاری هه‌ولێر هاته‌ ده‌نگ و رایگه‌یاند، هه‌ركه‌س و لایه‌نێك هه‌وڵی شێواندن و ناشرینكردنی كلتوری به‌رزی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بدات، ڕێكاری توندی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.
    مه‌سرور بارزانی له‌په‌یامێكدا،كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،  رایگه‌یاند، به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا ، چه‌ند ڕوداوێكی نه‌خوازرا و دور له‌ هه‌مو دابونه‌ریتێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ڕویاندا و چه‌ند كه‌سێكی تێكده‌ر و ئاژاوه‌گێڕ، هێرشیان كرده‌ سه‌ر گه‌شتییارانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق، كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی پشوی سه‌ری ساڵ هاتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌ به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌م كه‌ دورن له‌ به‌ها و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردودا و تا ئێستاش، په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوه‌ بۆ ملیۆنان ئاواره‌ و په‌نابه‌ری پارێزگاكانی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و هه‌میشه‌ بێ جیاوازی، ده‌رگای كراوه‌بوه‌ بۆ میوانداری و له‌باوه‌شگرتنیان.
    سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكرد، به‌رده‌وام سه‌دان هه‌زار گه‌شتییار، ڕویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و به‌ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ پێشوازیان لێكراوه‌، بۆیه‌ ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌، نامۆن به‌ ڕه‌وشت و كولتوری لێبورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ركه‌س و لایه‌نێكیش هه‌وڵی شێواندن و ناشرینكردنی ئه‌م كولتوره‌ به‌رزه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بدات، ڕێكاری توندی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.