به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆك كۆمار
لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد و رایگەیاند، سیستەمی حوكمڕانی دوای ساڵی (2003)، دووچاری کێشەی بنەڕەتی بووە و ناتوانێ وه‌ڵامی داخوازی و پێداویستی ئه‌م قۆناغه بێت. بۆیە پێویستمان بە پەیمانێکی سیاسی نوێیە كە ببێتە بنه‌مای دەوڵەتێكی دادپەروەر و حوکمڕانیه‌کی دروست.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد کە ناكرێت چیتر خەڵکی عێراق باجی ململانێ و شكسته سیاسییەكان و گەندەڵی بدات و یاری بە بژێوی رۆژانەیه‌وه بكرێت، بۆیه پێویسته پێداچوونەوەی سه‌رانسه‌ری ئه‌نجام بده‌ین و بڕیاری چاکسازی راسته‌قینه بدەین که رێگری بکات لە سه‌رپێچیکردن بۆ سه‌ر داهاتی گشتی و هه‌لومه‌رجێک بێنێته کایه‌وه که ژیانی خه‌ڵک و مووچەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ململانێی سیاسی و گەندەڵی نەبێت.
دەقی پەیامی سەرۆک کۆمار :
"هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست
پیرۆزبایی ساڵی نوێتان پێشکه‌ش دەكەم و هیوادارم ساڵی تازه‌مان ببێتە مایه‌ی خێروخۆشی و كۆتایی هاتنی قه‌یرانه‌کان و پەتای كۆرۆنا.
ماڵئاوایی لە ساڵی 2020 دەكەین، ساڵی ئازار و کێشە و قەیرانەكان، ساڵی سەرھەڵدانی پەتای كۆرۆنا و لەدەستدانی كەسوكار و ئازیزانمان، ساڵی کێشەی سیاسی و قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان، كە عێراقی بەرەو لێواری دۆخێکی مەترسیدار بردووه. هیوادارم ساڵی تازه ده‌سپێکی گۆڕانکاری بێت رووه‌و ژیانێکی شایسته‌تر به خه‌ڵکی عێراق.
قەیران و ئاسته‌نگه‌کان به‌ڵگه‌ی که‌موکورتین له سیستم و شێوازیی حوكمڕانی دا، بۆیه بەرپرسیارێتی مێژوویی و نیشتمانی ئەوەمان لێدەخوازێت کاری جددی بکەین بۆ کۆتایی ھێنان بە گێژاوی قەیرانەکان، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە سیستەمی حوكمڕانی دوای ساڵی (2003)، دووچاری کێشەی بنەڕەتی بووە و ناتوانێ وه‌ڵامی داخوازی و پێداویستی ئه‌م قۆناغه بێت. بۆیە پێویستمان بە پەیمانێکی سیاسی نوێیە كە ببێتە بنه‌مای دەوڵەتێكی دادپەروەر و حوکمڕانیه‌کی دروست.
ناكرێت چیتر خەڵکی عێراق باجی ململانێ و شكسته سیاسییەكان و گەندەڵی بدات و یاری بە بژێوی رۆژانەیه‌وه بكرێت، بۆیه پێویسته پێداچوونەوەی سه‌رانسه‌ری ئه‌نجام بده‌ین و بڕیاری چاکسازی راسته‌قینه بدەین که رێگری بکات لە سه‌رپێچیکردن بۆ سه‌ر داهاتی گشتی و هه‌لومه‌رجێک بێنێته کایه‌وه که ژیانی خه‌ڵک و مووچەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان گیرۆدەی ململانێی سیاسی و گەندەڵی نەبێت.
لەم بارودۆخە ئابوورییە سەختەدا یه‌کێکی تر له‌کاره لەپێشینەکان هاوکاری چین و توێژه کەمدەرامەته‌کانه لە رێگەی كۆمەڵێك رێوشوێنی خێرا، له رێگه‌ی دابینکردنی دادپه‌روه‌ری و ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ هه‌مووان و ره‌تکردنه‌وه‌ی خزم خزمێنە و رێگرتن له قۆرغکردنی کایه‌کانی ژیان و که‌سابه‌تی خه‌ڵک.
هاووڵاتیانی ئازیز
لە ساڵی نوێ‌دا ئه‌رکی چارەنوسسازمان لە پێشە كە بریتیه لە تەواوكردنی پرۆژەی چاكسازی لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی پاك و بێگەرد و دوور له ساخته‌کاری بە جۆرێك كە گوزارشت بێ له ئیراده‌ی ئازادی ئێوه. چونکه جگە لە چاكسازی هیچ رێگەیەكی ترمان لە بەردەم نییە، رێگەیەک كە بەخوێنی رۆڵه‌کانی ئێوه نەخشەرێژ کراوه بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان شكۆمەندانە لە وڵاتەكەیاندا بژین، وڵاتێك كە شوێنی توندڕەو و گەندەڵكاران و كەسانی لە یاسای دەرچووی تێدا نەبێتەوەو چه‌ک ته‌نیا به‌ده‌ست هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌وه بێت.
هاووڵاتیانی عێراق شایستەی زۆر لەوە زیاترن كە ئێستا تیایدا دەژین، لە وڵاتێكدا كە خودا سامانی زۆر و پێگەیەكی گرنگی پێبەخشیووە و لە توانایدایە ببێتە خاڵی بە یەكگەیشتنی بەرژەوەندی ھاوبەشی ناوچه‌یی و نێودەوڵەتی، ئەوەش كاتێك بە دیدێت كە عێراق لە سیاسەتی جەمسەرگیری و سەنگەرگرتن بگوازینه‌وه بۆ خزمه‌تکردنی هاووڵاتیان وبه‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌که‌مان.
به‌چاوێکی پڕ له هیواوه پێشوازی له ساڵی تازه ده‌که‌ین، من ده‌زانم ئێوه زۆرتان له نه‌هامه‌تی و قه‌یران و کوشتوکوشتار بینی، دواشت په‌تای کۆرۆناشی هاته‌سه‌ر، به‌ڵام دڵنیام گه‌ر ده‌ستبخه‌ینه ناو ده‌ستی یه‌کتر و به‌یه‌که‌وه دژی ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه بوه‌ستینه‌وه، ده‌توانین ساڵی تازه بکه‌ینه وێستگه‌ی وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ رووه‌و خۆشگوزه‌رانی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی خواستی هاووڵاتیان، چونکه قه‌یرانی گه‌وره هه‌میشه ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی چاره‌سه‌ریشه.
لێره‌دا سوپاسگوزاری خۆم بۆ پارێزەرانی ژیانی مرۆڤایه‌تی، بۆ شەونخونی دکتۆر و کارمه‌ندانی تەندروستی دووپاتده‌که‌مه‌وه كە كاریان پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانه لە پەتای كۆرۆنا، سوپاسی سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ده‌که‌م بە جیاوازی پێکهاته‌کانیانه‌وه كە شەونخونیان كردووە بۆ پاراستنی سەلامەتی ژیان و ماڵی هاووڵاتیان، سوپاس بۆ گەنجانی خۆبەخش لە هەموو بوارەكاندا كە كاریان كردووە بۆ سارێژكردنی برینەكانی وڵات.
درود بۆ گیانی شه‌هیدان.