سه‌رۆك به‌رهه‌م وبلاسخارت جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌پێویستى ده‌سته‌به‌ركردنى كه‌شێكى له‌بار بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى بێگه‌رد

  • 29-12-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    سەرۆک بەرهەم لەگەڵ لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبوەوە و جەختدەکاتەوە لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دورخستنەوەی وڵات لە ململانێکانی ناوچەکە.
    سەرۆکایەتی کۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە جنین هەینس بلاسخارد نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق.
    ئاماژە بەوەشکراوە، لە دیدارەکەدا کۆی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵات و گۆرانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەختکرایەوە لە پێویستی بەھێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و زامنکردنی ئاسایشی گشتی و رێگریکردن لە دوبارەبونەوەی تاوانە تیرۆریستییەکان کە ژیان و ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، ھاوکات دوپاتکرایەوە لەگرنگی زامنکردنی سەلامەتی دامودەزگاکانی حکومەت و نێردە دیبلۆماسییەکان لە هەر دەستدرێژیەک.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا مەلەفی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتو و تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەگرنگی رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دور لە گوشار و بەکارهێنانی چەک، هەروەها دابینکردنی پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان، بەجۆرێک زامنی پاک و بێگەردی ھەڵبژاردنەکە بکات و رێگریش بکات لە ئەنجامدانی ساختەکاری و یاریکردن بە خواستی دەنگدەران.
    هەر لەودیدارەدا پێشهاتەکانی دۆخی هەرێمایەتی گفتوگۆی لەبارەوە کراو جه‌ختیشکرایەوە لەپێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، دوپاتیشکرایەوە لە پابەندبونی عێراق بە رەتکردنەوەی ململانێکان و خۆبەدورگرتن لەوەی ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێکان.