كازمى:رێگەنادەین لەرێگەی چەکی نایاساییەوە هەڕەشە لە ئاسایش و ئازادی هاوڵاتیان بکرێت

  • 28-12-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە، جەختیكردەوە ئەركی ئەم كابینەیەی حكومەت بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی هەڵژاردنی پێشوەخت، ئاماژەشیدا حكومەت رێگە بەجموجۆڵی چەكە نایاساییەكان نادات تاوەكو ببنە هەڕەشە لەبەردەم ئازادی و ئاسایشی هاووڵاتیان.
    بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، كە دەستی ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كەوتووە، كازمی لەمیانی سەرۆكایەتی كردنی كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئەنجومەنی وەزیران، و سەرۆكی بەشێك لەدەستە سەربەخۆكان، فەرماندە ئەمنییەكان، و ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بۆ كاراكردنی میكانیزمەكانی پاڵپشتیكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، راشیگەیاند: لەئێستادا ئەركی ناوەندی حكومەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە و بەهەموو پێوەرەكانیش ئەم حكومەتە، حكومەتێكی جیاوازە، چونكە، لەلایەك، لەدەرئەنجامی بزووتنەوەیەكی میللییەوە دامەزراوەو، لەلایەكی ترەوە، بەهۆی خواستی مەرجەعی باڵا و هێزە سیاسییەكان بوو كە داوای گۆڕینییان دەكرد، ئاماژەشیدا، ماوەی راگوزەری سەرجەم حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان لەدوای ساڵی 2003ەوە زۆری درێژەئەكێشا، ئەمەش گەورەترین هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئەو میكانیزمانە وا پووچەڵ دەربچن.
    كازمی راشیگەیاند: لە ماوەی راگوزەری ئەم دەسەڵاتەماندا سێ‌ ئامانجی سەرەكی  بەدەستهاتوون، یەكەمینیان، سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ كە سەر بەهیچ قەوارەیەكی سیاسی نییە، كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، و یاسایەكی دادپەروەرانە، ئەوە دەیباتەوە كە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، جەختیشی كردەوە، دەرفەتێكمان لەبەردەستە بۆ سەركەوتن لەپێناو گەڕانەوەی متمانە بەدەوڵەت و رژێمی سیاسی و میكانیزمەكانی دیموكراتیەت، ئەویش لەڕێگەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانە كە بتوانێت سەقامگیری بۆ وڵات دابین بكات.
    سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: دەسەڵات لەلای من بۆ رازیكردنی خود نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییە بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەو كاتە هەست دەكەین ئەركێكی مێژوویی سەر شانمان ئەنجام داوە، سووریش دەبین لەسەر جێبەجێكردنی ئەم ئەركە و ئەم راسپاردەیەمان هەڵگرت و بەڕێوەمان برد، و توانیمان وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دیاری بكەین و یاسای بودجەی هەڵبژاردنەكان بنێررێت  بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، و پێشتریش سەردانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانمان كرد و داوامان لێكردن پێویستییەكانیانمان بۆ دیاری بكەن بۆئەوەی لەئەنجومەنی وەزیراندا دەنگی لەسەر بدرێت، و ئەم كۆبوونەوەی ئەمڕۆشمان نیشانەی پەرۆشیمانە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە مێژووییە.
    كازمی پێداگریش دەكات كە رێگە بەجموجۆڵەكانی چەكی نایاسایی نادەن ببێتە هەڕەشە لەبەردەم ئازادی و ئاسایشی هاووڵاتیان و متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوكات كازمی داوای لەهێزە سیاسییەكان و پەرلەمان كردووە پرسی دادگای فیدڕاڵی یەكلایی بكەنەوە، بۆئەوەی تەواوی پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستەبەر ببێت.