لیژنه‌ى دارایی نوێنه‌رایه‌تى:بانكى ناوه‌ندى چه‌ند ڕێوشوێنێك له‌باره‌ى نرخى خه‌رجكردنى دینار ده‌گرێته‌به‌ر

  • 18-12-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع-نه‌ساڕ حاج-محه‌مه‌د كه‌عبى

     
    و:سۆما جاف
     
    لیژنه‌ى دارایی نوێنه‌رایه‌تى،ئه‌مڕۆ هه‌ینى،دووپاتیكرده‌وه‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى چه‌ند ڕێوشوێنێك له‌باره‌ى نرخى خه‌رجكردنى دینار ده‌گرێته‌به‌ر.
    په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د سه‌فار ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)ڕایگه‌یاند"پرۆژه‌ى دزه‌پێكراوى بوودجه‌ نافه‌رمییه‌،ونازانرێت كێ له‌پشتى دزه‌پێكردنێتى،یان ئامانجى دزه‌پێكردنى چییه‌،یاخود مه‌به‌ست له‌پرۆسه‌ى دزه‌پێكردنه‌ چییه‌"،ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو"دزه‌پێكردنى بوودجه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕه‌وشى بازاڕ وده‌روونى هاوڵاتى دروستكرد".
    سه‌فار وتیشى"لیژنه‌ى دارایی له‌گه‌ڵ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى كۆبووه‌ته‌وه‌،وچه‌ند ڕێوشوێنێك له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر"،ئاماژه‌یشیدا"لیژنه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌چاودێریكردنى ئه‌م بابه‌ته‌،وچاوه‌ڕوانى گه‌یشتنى پرۆژه‌ى بوودجه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دیدى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت له‌م باره‌یه‌وه‌".
    له‌لاى خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتار ناجى سه‌عیدى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی نوێنه‌رایه‌تى ڕایگه‌یاند"پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى له‌میان میوانداریكردنى له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ له‌باره‌ى لێكه‌وته‌كانى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خه‌رجكردنى دۆلار به‌رامبه‌ر دینارى عێراقى،ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌،هۆكارى ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ حكومه‌ته‌ نه‌ك بانكى ناوه‌ندى به‌و پێیه‌ى دۆلار له‌داهاته‌كانى نه‌وتى عێراق ده‌ستده‌كه‌وێت،كه‌له‌سه‌ندووقى گه‌شه‌پێدانى عێراق له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا داده‌به‌زێت،سه‌رئه‌نجام خاوه‌ندارى ڕاسته‌قینه‌ى دۆلار وه‌زاره‌تى داراییه‌،وئه‌ویشى دۆلار به‌بانكى ناوه‌ندى ده‌فرۆشێت به‌و پێیه‌ى ژمێریارى حكومه‌ته‌".
    ڕوونیشیكرده‌وه‌"وه‌زاره‌تى دارایی له‌ماوه‌ى دوو مانگدا ڕێگرى كردووه‌ له‌فرۆشتنى دۆلار له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر دینارى عێراقى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بوودجه‌ى گشتى وبه‌جێ گه‌یاندنى هه‌ندێك پرۆسه‌ى گه‌شه‌پێدان وه‌ك چۆن تێڕوانینى حكومه‌ت بۆى ده‌چێت،بۆیه‌ بیانووه‌كانى بانكى ناوه‌ندى ئه‌وه‌یه‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خه‌رجكردن بڕیارى حكومییه‌،وبه‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیارى بانكى ناوه‌ندى نییه‌"،ئاماژه‌یشى دا"ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تاوه‌كو ئێستا ده‌نگى له‌سه‌ر بوودجه‌ى گشتى نه‌داوه‌ ،ولیژنه‌ى دارایی هێچ شتێكى فه‌رمى له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌".
    باس له‌وه‌كرد"نابێت دووجار لێبڕین له‌فه‌رمانبه‌ر بكرێت،چونكه‌ لێبڕینى یه‌كه‌م له‌ڕێگاى به‌رزبوونه‌وه‌ى دۆلار به‌رامبه‌ر دینارى عێراقى ده‌بێت،ولێبڕینى دووه‌م ده‌رماڵه‌كانى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت ده‌بێت،به‌بۆچوونى من له‌ڕووى ئابوورییه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌هێچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه‌"،دووپاتیشیكرده‌وه‌"لیژنه‌ى دارایی وئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاتى  هه‌مواركردنه‌وه‌ وسڕینه‌وه‌ یان زیادكردنى هه‌ر شتێكى گونجاو له‌قۆناغى داهاتوودا هه‌یه‌".