یه‌كێتى ورده‌كارى كۆبونه‌وه‌ى شاندى هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاشكرا ده‌كات

  • 17-12-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع-سۆما جاف

     
    یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان،ورده‌كارى كۆبونه‌وه‌ى شاندى حكومى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاشكرا ده‌كات.
     
    جه‌مال محه‌مه‌د شكور په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) رایگه‌یاند:" شاندى حكومه‌تى عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تى قۆباد تاڵه‌بانى سه‌ردانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى فیدڕاڵى كرد و گوێ بیستى پرسیارى زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى په‌رله‌مان بوو له‌ باره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتى و ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و داهاتى ناخۆ وه‌".
     
    وتیشى "شاندى كوردى وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى داوه‌ته‌وه‌ ،و كۆبونه‌وه‌یه‌كى ئیجابى بوو و هه‌نگاوێكه‌ بۆ هێوه‌ركردنه‌وه‌ى ئه‌و لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌ى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێم هه‌یه‌".
     
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" شانده‌كه‌ به‌پێى ده‌ستور ئاماده‌یى خۆى نیشاندا به‌ پابه‌ند بوون به‌ رێكه‌وتنه‌كان چ یاساى قه‌رزكردن بێت یاخود بودجه‌ى گشتى ساڵى داهاتوو، رونیكرده‌وه‌ بریاردرا چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ له‌ په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ردوو شاندى حكومه‌تى فیدڕاڵى و هه‌رێم بۆ نزیكبونه‌وه‌ى بیر و بۆچونه‌كان و گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتن بۆ كۆتایى هاتنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێرداوه‌كان". 
     
    شكور باسى له‌وه‌كرد"دۆسیه‌ى نه‌وتى به‌ جیا تاوتوێى له‌باره‌وه‌ كرا به‌ ئاماده‌بونى وه‌زیرو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندى داره‌كان وه‌ك دارایى و نه‌وت و دیوانى چاودێرى دارایى،و تاوتوێى كردنى پرسى ده‌روازه‌ سنوریه‌كان  و داهاتى ناوخۆ و پرسى كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان به‌پێى مادده‌ى 140 ى ده‌ستور".
     
    جه‌ختیكرده‌وه‌ گرنگه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت زۆرتر ئاماده‌ بێت بۆ پێشكه‌شكردنى زانیارى و ژماره‌كان له‌ باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و دۆسیه‌ى نه‌وت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى سۆمۆ، به‌تایبه‌ت پرسى داهاتى ناوخۆ و ده‌روازه‌ سنوریه‌كان". 
     
    رونیكرده‌وه‌"ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م دۆسیانه‌ به‌پێى ده‌ستور و یاسا مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ كرا ئه‌وا به‌ ئاسانى ده‌گه‌نه‌ رێكه‌وتنه‌كان و چاره‌سه‌ر،ئه‌گه‌ر هاتوو لایه‌ك پابه‌ند نه‌بوو به‌ رێكه‌وتنه‌كان ئه‌وا له‌ داهاتوو دا هیچ رێكه‌وتنێك ناكرێت".
     
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد" به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌ یاساى قه‌رز به‌ رێژه‌ى 12.67% ، یاساى قه‌رزكردن رون و ئاشكرایه‌ سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندبوونه‌كانى هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ندى".