سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند عێراق دەستیكرد بە نوسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان

  • 12-12-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
     
    به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،رایگه‌یاند عێراق دەستیكرد بە نوسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان.
     
    د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار لەمیانی وتارێکدا لە کۆنگرەی لوتکەی کەشوھەوای جیھانیدا رایگەیاند،" ‎سه‌‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ سەخته‌ی که‌ عێراق به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ جەنگ و ململانێكان و بونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گیرۆدەی زۆرترین لێكەوتە خراپەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بێت، بە رادەیەك بونه‌ته‌ ئاستەنگ له‌بەردەم پەرەپێدانی ئابوری و پیشەسازی و تەكنەلۆجیا لە وڵاتەكەماندا.
     
    به‌ڵام ‎مایەی شانازیمە رایبگەیەنم كە پەرلەمانی عێراق لە 22/09/2020 پڕۆژە یاسای چونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا-ی پەسەندكرد، ئەم هەنگاوە گەورەیە بوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە پشتبەستن بە ھەمە جۆرکردنی سەرچاوەی ئابوری و پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێ و خستنەگەڕی میكانیزمی تەندروست.
     
    ‏‎وتیشى"بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئابوری و پاراستنی كەشوهەودا، پاڵپشتییەكی تەواو لە وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا بكرێت، هەروەها بایەخێكی تەواویش بدرێت بە پەرەپێدانی توانای گەنجان و پشتیوانیکردنی ژنان".
     
    ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد"لە پێناو بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەنگاوەكانی په‌سه‌ندکردنی ئەو رێككەوتننامەیە، عێراق دەستیكرد بە نوسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (NDC) كە گوزارشتە لە نەخشە رێگای هەرە باڵای وڵات لە كاركردن لە بواری گۆرانكارییەكانی كەشوهەوادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ دامەزراندنی پایە بنەڕەتییەكانی ئابورییەكی ژینگەپارێز بۆ ساڵانی 2020 بۆ 2030".