بهغدا-اهع
سەرۆک کۆمار و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەکۆبونەوەیەکدا پرسی تیرۆر، كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لە ناوچەكە، بەكارهێنانی زمانی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و قەیرانی دارایی تاوتوێ دەکەن و هەردولاش جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەکەنەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار لهڕاگهیهندراوێكدا كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆک بەرهەم لەبەغداد پێشوازیكرد لە دەیڤید شینكر یاریدەدرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەش هاتوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گرنگی پەرەپێدانی ئاسۆی هاریكاریی لە تەواوی بوارەكاندا، لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، بەگوێرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پێویستی پارێزگاریكردن لە سەروەری عێراق و درێژەدان بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و هاریكاری و هەماهەنگی لە بەگژاچونەوەی لێکەوتەکانی قەیرانی ئابوری و تەندروستی و پەتای كۆرۆنا.
سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەشی خستوەتەڕو، هەر لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کرا، جەختیشكرایەوە لەپێویستی كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لە ناوچەكە و رەتكردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژی و دەستوەردانێك و بەكارهێنانی زمانی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.