ڕاگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شى كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ وسه‌ركرده‌ى فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان

  • 8-12-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار وسه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وسه‌رۆكى وئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وسه‌ركرده‌ فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌كۆشكى حكومى له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو.
    به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێك كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،هاتووه‌"سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كان كۆبونه‌وه‌ و بابه‌تی موچه‌ و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر باسكران و پشتیوانی بۆ بەردەوامبونی دیالۆگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان راگه‌یه‌ندرا".
    ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وتیشى"سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌ران و سه‌ركرده‌ی كوتله‌ سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه‌ و له‌باره‌ی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و پرسی بودجه‌ی 2021 گفتوگۆ كرا".
    له‌ کۆبونەوەكه‌دا جەختکرایەوە، کە عێراق بە بارودۆخێکی زۆر نائاساییدا تێدەپه‌رێ لە ئەنجامی ئەو قەیرانە ئابورییە جیهانییەی کە به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ سەریهەڵداوه‌، پێویسته‌ چاکسازی ئابور ئەو ڕێگەچارەیە پێویستەیە کە دەبێت لە چوارچێوەی هاوهەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقی دا ئه‌نجامبدرێت.
    کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەپشتیوانی ڕێوشوێنەکانی حکومەت کرد بۆ بەدیهێنانی چاکسازیی ئابوری لەپڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 و دڵنیابون لەچارەسەرەکان بۆ پتەوکردنی ئابوری لەروبەروبونەوەی قەیرانەکان.
    له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌، له‌کۆبونەوەكه‌دا پشتیوانی بۆ بەردەوامبونی دیالۆگی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان راگه‌یه‌ندراوه‌، بۆ چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و دڵنیابون لەچارەسەرکردنی دادپەروەرانەی ئەو کێشانە بەپێی دەستور.
    هه‌ربه‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیران دەستپێشخەری دیالۆگی نیشتمانی گشتگیری حکومەتی خستەڕو بۆ زەمینەخۆشکردنی ژینگەی سیاسی و ئەمنی وکۆمەڵایەتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئازادو دادپەروەرانەو پاراستنیان لەپێشێلکارییەکان و بەدیهێنانی بەرزترین ئاستەکانی شەفافییەت و دادپەروەری.