سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی کەرکوک

  • 7-12-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

    د.بەرهەم ساڵح،سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە جەختیكرده‌وه‌ لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی کەرکوک بە پێی دەستوور.
    نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌"سەرۆک بەرهەم پێشوازیکرد لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئەو كێشانەی رووبەرووی خەڵکی کەرکوک دەبێتەوە و گرنگی بەهێزكردنی ئاسایش و پارێزگاری لە سەلامەتی ھاووڵاتیان و فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان گفتوگۆکرا.
    ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ وتیشی "لە میانی دیدارەکەدا جەختیکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک بەپێی دەستوور و یاسا و دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە نێوان سەرجەم پێکھاتە رەسەنەکانی کەرکوک و كاركردن بۆ باشترکردنی دۆخی کەرکوک و کۆتایی ھێنان بە نەهامەتی خەڵکی شارەکە، كە بەهۆی سیاسەتی چەوساندنەوە و گەندەڵی و جیاكاری رووبەرووی کەرکوک بووەتەوە، جه‌ختیش کرایەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی خواستی كەركوكییەكان دوور لە پەراوێزخستن و سەپاندنی ئەمری واقع و زامنکردنی ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان".
    به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌"لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی كۆتای هێنان بە كێشەکان و كەمكردنەوەی نەھامەتی كەركوكییەكان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەبێ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، ھەروەھا دووپاتیکردەوە لە پێویستی رێگریکردن لەوەی کەرکوک بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ناکۆکی و ململانێکان و پێویستی بەهێزکردنی ئاسایشی شارەکە و پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییان و رێگریکردن لە تیرۆریستان کە سەقامگیری شارەکە تێک بدەن".