بهغدا-اهع
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا قسەیکرد و بەیەکەوە باسیان لە پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات کرد، سەرەڕای پتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە لە تەواوی بوارەکاندا لە رێگەی لێکتێگەشتنی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات.
بهپێى ڕاگهیاندراوێكى سهرۆكایهتى كۆمار كهدهستى ئاژانسى ههواڵى عێراقى(اهع)كهوتووه،لە میانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھەردوو سەرۆک باسیان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد و جەختیانکردەوە لە گرنگی ئارامی و دانبەخۆدا گرتن و پارێزگاری لە سەقامگیری ناوچەکە، به پشتبەستن بە دیالۆگی جددی لە پێناو رەواندنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.
هاوکات جەختیشکرایەوە لە گرنگی بەهێزکردنی سەروەری و پاراستنی سەقامگیری عێراق، بەو پێیەی کە پێگەیەکی گرنگە بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و پاشماوەکانی و چەسپاندنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە، هاوشان لەگەڵ دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەجۆرێک زامنی پاکو بێگەردی ھەڵبژاردنەکان بکرێت، ئەمە جگە لە پێویستی ھێنانەکایەوەی هاودەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی پەتای کۆرۆنا و کەمکردنەوەی لێکەوتە ئابووری و تەندروستییەکانی.
هەردوو سەرۆک جەختیانکردەوە لەوەی تیرۆر بە ھەموو جۆر و هۆکارە جیاوازەکانیەوە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان مرۆڤایەتی بە ئامانج دەگرێ و لەسەر دروستبوونی ناکۆکی و لێکترازانی نێوان ئاین و پێکهاتە و بیروڕا جیاوازەکان خۆی بەھێزدەکات، بۆیە گرنگە هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆرو بیری توندڕەوی کاراتر بکرێت و کاریش بکرێت بۆ دروستکردنی بەهای پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ڕێزگرتن لە ئاین و بیروڕا جیاوازەکانی مرۆڤایەتی و رێگریکردن لە بیری توندڕەوی و نەژاد پەرستی کە بەها جوانەکان و خۆشەویسی و ئاشتی نێوان مرۆڤایەتی دەکاتە ئامانج.
سەرۆک بەرھەم ئاماژەیکرد بەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان مەرامیان بوو لێکترازان لە نێوان گەلی عێراق دروست بکەن و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە بە ئەمانج بگرن، بۆیە ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانە سەلماندیان کە ئاینیان نییە، ھەر بۆیە مەرامە گڵاوەکانیان شكستی هێنا لەوەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەناو ببەن، ئەویش بە خواستی بەهێز و ھۆشیاری گەل ھاتەکایەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانی هەنگاوی باشی ناوە لەدرێژەدان بە جەنگی دژ بە داعش و راوەدونانی شانە نوستوەکانی و درێژەدان بە کاری جددی لە پێناو کۆتای هێنان بە تیرۆر، بەو پێیەی مەترسییەکە گەورەیە لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی.