كازمى ڕێنمایی دا به‌چاره‌سه‌ركردنى كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان له‌جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ى دروستكردنى قوتابخانه‌كان كه‌له‌ئێستادا ئه‌نجام ده‌درێن

ناوخۆ
  • 22-11-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، پێداگری له‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ خوێندگا نوێیه‌كان به‌دیزاین و شێوه‌یه‌كی نوێ دروستبكرێن و له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی عیراقدا بگونجێت.
    نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران له‌راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ ده‌ستی ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ بڵاویشی كرده‌وه‌، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،  له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای دروستكردنی بینای خوێندنگاكان له‌عیراق كۆبوه‌وه‌.
    راشیگه‌یاندووه‌: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ كران بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی حه‌وت هه‌زار خوێندنگای نوێ له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتدا، دروستكردنی هه‌زار خوێندنگا له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا، ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یادداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆماری چینی میللیدا ئیمزا كراون.
    نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌: پرۆژه‌كه‌ ده‌سته‌به‌ری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی دوو ده‌وامی له‌خوێندنگاكاندا ده‌كات، و كێشه‌ی ئه‌و خوێندنگایانه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كات كه‌ بیناكانیان كۆنن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێككه‌وتن  پرۆژه‌كه‌ به‌ (خوێندنگه‌ نموونه‌ییه‌كان) ناو بنرێت.
    به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ خوێندنگاكان به‌شێوه‌ی دیزانێكی نوێ دروست بكرێن و ره‌چاوی ژینگه‌ی عیراق بكرێت.
    ئاماژه‌شیدا، سه‌رۆك وه‌زیران رێنمایی داوه‌ به‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییانه‌ی دێنه‌ پێش جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی خوێندنگاكان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و خوێندنگایانه‌ی كه‌ له‌ئێستادا ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنیان كراوه‌، پێویستی نه‌هێشتنی ئاسته‌نگه‌كان و رۆتین، ئه‌وه‌ش له‌پێناو خزمه‌تگه‌یاندن به‌خوێندكاران و په‌له‌كردن له‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌و فشارانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن.