فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرکووک دەرچوو

ناوخۆ
  • 15-11-2020, 00:00
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع

    ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک دەرکرد، بەتۆمەتی وەرگرتنی به‌رتیل.
    به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی  له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌، بڵاویكرده‌وه‌، دوای ده‌رچونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌، تیمی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك ده‌ركرد، به‌تۆمه‌تی وه‌رگرتنی به‌رتیل.
    ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پله‌و پۆسته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یدا، (به‌رپرسی به‌ش) پاره‌ی وه‌رگرتوه‌، دواتر فه‌رمانی دادگا له‌سه‌ری جێبه‌جێكرا.
    دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکردوە، تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنت و لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌، ره‌وانه‌ی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ كراوە، به‌فه‌رمانی دادوه‌ر و به‌ كه‌فاله‌تی 10 ملیۆن دینار، ئازادكراوه‌.
    ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی  له‌ 22ی (ته‌موز/7)ی ئه‌مساڵ، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخه‌كان ڕاگه‌یاند، به‌پشت به‌ستن به‌ ئه‌حكامه‌كانی مادده‌ی 340 له‌یاسای سزادانی عێراق، به‌تۆمه‌تی به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت سامانی گشتی له‌بابه‌تی چاككردنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئامێر و پێداویستیه‌كانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك.