مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هەرێم ده‌كات

  • 14-11-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانى كوردستان داوای دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستانى كرد.  
     
     
    له‌ به‌یانامه‌یه‌كى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع) كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند:" به‌سه‌رپه‌رشتی لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆك، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌تی پرسی مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان كۆبوه‌وه"‌.
     
    له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و نوێنه‌ری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدرالی عیراق ئاماده‌یبوون،  مه‌كته‌بی سیاسی پاراستنی ئه‌و یه‌كریزییه‌ی كه‌ له‌نێوان فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌ هاته‌ ئاراوه‌ به‌گرنگزانی و پێداگیری له‌سه‌ر پاراستنی ده‌كات، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.
     
    بۆ ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌بار له‌پێناوی گفتوگۆ و گه‌یشتن به‌بڕیارێكی گونجاو، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكدا بێت و یه‌كڕیزی هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان پیشانبدات، مه‌كته‌بی سیاسی به‌ڕه‌سمی داوا له‌هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه‌ كۆبونه‌وه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی سبه‌ی (15-11-2020) دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، كه‌ نوێنه‌ریان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق هه‌یه‌ به‌شداربن.
     
    مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وامیدان به‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی عیراق، له‌پێناوی  گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و مووچه‌ و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان به‌ باشترین رێگاچاره‌ ده‌بینێت.
     
    بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم  و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان و حكومه‌تی فیدرالی عیراقیش پابه‌ندی بنه‌مای ته‌وافق و ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق بێت.
     
    هه‌ر سه‌باره‌ت به‌هه‌مان پرس، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، هه‌وڵه‌كانی درێژه‌ پێده‌دات و خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌م پێناوه‌دا درێغی ناكات.